دوو هاووڵاتی کورد لە شاری سەڵماس لە لایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران

21:39 - 8 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری رۆژی جیهانی کرێکار، دوو هاووڵاتی کورد لە لایەن دەزگای ئەمنیەتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە ئۆستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، دەستبەسەر کران.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەک‌شەممە ٦ی بانەمەر\"پێژمان مامەدی\"خەڵکی ئیسلام‌ئابادی سەڵماس لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کراو، لە لایەکیترەوە لە حەوتووی رابردوودا هاووڵاتییەکی سەڵماسی بە ناوی \"موحەڕم ئاڵخانی\"، لەلایەن ‌هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەو دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری گرتن و تۆمەتی ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە پێژمان مامەدی و موحەڕم ئاڵخانی هیچ هەواڵێک لە بەر دەستدا نییە.
پێشتر چالاکێکی کرێکاری لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا رایگەیاند، گیران و هەڕەشە لێکردن لە هاوڵاتییانی کورد لە بەرەبەری رۆژی جیهانی کرێکاری بە شێوەی سیستماتیک لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتیەکانەوە بەرێوە دەچێت.

بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە (٩٤)ی هەتاوی، ٤٢ هاووڵاتیی کورد لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئینتیزامییەکانەوە دەست بەسەر کراون.