دوو هاووڵاتی پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی ورمێ کران

23:29 - 14 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی بانەمەڕ، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی "خالید ئیسماعیلی"، خەڵکی نەغەدە و ‌"نادر مێهری"، خەڵکی ورمێ، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کە ئێستا لە بەندی زیندانییانی سیاسیی ورمێدان، لە ماوەی دسبەسەرکرانیاندا لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کراون.

تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە "هاوکاری لەگەڵ گرووپە مەزهەبییەکان" ڕاگەیەندراوە.

ناوبراوان ڕۆژی هەینی ۲۷ی خاکەلێوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ کرابوون.