دوو هاووڵاتی لە ئەنجامی تەقینەوەی گولـلەی شەڕ لە سنووری سەقز گیانیان لەدەست دا

11:23 - 19 پووشپەڕ 2721

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی پووشپەڕ، تەقینەوەی گولـلەیەکی بەجێماو لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە نزیکیی گوندی "بەستام" لە سنووری سێف، بوو بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی.

عیسا بازیار، چالاکی مافی مرۆڤ لە بواری قوربانییانی تەقینەوەی مین، لە وتووێژێکدا لەگەڵ کوردپا، شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەی "ڕەشید ئەحمەدزادە"، خەڵکی گوندی "قارنجە" و "مەسعوود (مەقسوود) نەجەفی"، خەڵکی گوندی "قەرەبڵاغ"، سەر بە بۆکان، ڕاگەیاندووە.

ئەو چالاکەی مافی مرۆییە وتوویەتی: "ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی قورسیی برینەکانییانەوە دەسبەجێ گیانیان لەدەست داوە و لەو ناوچەیە وەکوو ناوچەکانی دیکە بە هەڵە ڕاگەیەندراوە کە لە هەر جۆرە مین و کەرەستەیەکی شەڕ خاوێن کراوە لەحاڵێکدا کە لەو ناوچانە مین و کەرەستەکانی شەڕ بەردەوام قوربانی دەگرێت".

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە خۆجێییەکان، ئەو دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی بۆکان بوونە بەئیجارەوەرگرتنی لەوەڕگەیەک لە گوندی بەستام، خەریکی لەوەڕاندنی مەڕوماڵات بوونە کە بەهۆی هەڵکردنی ئاگر لە نزیکیی ئەو گولـلەیە لەلایەن ئەو دوو هاووڵاتییەوە، گولـلەکە گەرم بووە و لە ئەنجامی تەقینەوەکەی، ناوبراوان گیانیان لەدەست داوە.