دوو هاووڵاتی لە گوندی "نێـ"ـی مەریوان دەسبەسەر کران

19:56 - 3 خاکەلێوه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٣ی خاکەلێوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەلمان ئەفرا"، کوڕی ڕەحمەت و "سەیوان پەرتۆ"، کوڕی زۆراب، خەڵکی گوندی "نێ" سەر بە مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون. 

ئەو دوو هاووڵاتییە، پاش بەڕیوەبردنی ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لە گوندی "نێ"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی "محەممەد پەروازە"، کوڕی حوسێن، بەڵام نەیانتوانیوە ناوبراو دەسبەسەر بکەن.

سەلمان ئەفرا کە پیشینەی زیندانی هەیە، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٩، لە زیندانی مەریوان ئازاد کرابوو.

ئەو لاوە کوردە، بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لە دادگای سەرەتایی بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە.

ڕۆژی شەممە ٣٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٩، سەرەڕای بوونی بەربڵاوی هێزەکانی گاردی تایبەت بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز لە گوندی "نێ"، هاووڵاتییانی ئەو گوندە بە هەڵکردنی ئاگری نەورۆز، ئەو ڕێوڕەسمەیان بەڕێوە برد.

وێنە: سەیوان پەرتۆ و سەلمان ئەفرا