دوو لاوی سەقزی هەوڵی خۆکوژییان دا

16:06 - 14 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی کوردی خەڵکی شارستانی سەقز هەوڵی خۆکوژییان دا و یەکێک لەوان گیانی خۆی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی "شەهریار ئەحمەدیاری" و "عادڵ محەممەدی"، خەڵکی شارستانی سەقز، لە ڕێگای خواردنی ژەهرەوە، هەوڵی خۆکوژییان دا و "شەهریار ئەحمەدیاری" گیانی خۆی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەندامانی لەشی "شەهریار ئەحمەدیاری"، لە دوای داواکاریی پێشتری ناوبراو، بە نەخۆشانێک کە پێویستییان بە ئەندامی لەش بوو، بەخشرا.

ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: "دۆخی گشتیی عادڵ محەممەدی، دوای هەوڵدان بۆ خۆکوژی ناجێگیر ڕاگەیەندراوە و ناوبراو هەردوو گورچیلە و جەرگی لەدەست داوە و بۆ نەشتەرگەری پێویستی بە ١٣٠ ملیۆن تمەن پارە هەیە".

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکار یان هۆکارەکانی هەوڵدان بۆ خۆکوژیی ئەم دوو لاوە سەقزییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە".