دوو لاوی بەلووچ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان کوژران

16:44 - 10 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: بە کوژرانی دوو هاووڵاتیی بەلووچ لە ئوستانی سیستان و بەلووچستان ئاماری کوژراوەکان لە حەوتووی رابردوودا گەیشتە ٦ کەس.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتی بەلووچ لە ناوچە گوندنشینەکانی\"سەرباز\"و \"سەراوان\" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانیان لە دەستدا.

دەوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە گومانی ئەوەی کە ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچە شتوومەکی قاچاخیان پێ بووە ماشێنەکەیان داوەتە بەر دەستڕێژ و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست داوە.

چالاکانی کەمپەینی بەلووچ شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییەیان سەلیم بەلووچ خەڵکی گوندی\"درگس دشتیاری\" هەڵکەوتوو لە باشووری ئوستانی سیستان و بەلووچستان و شبیر بەلووچ‌زەهی٢٢ ساڵە خەڵکی گوندی\"محمد\"ی سەر بە بەخشی ناوەندی شاری سەراوان راگەیاندووە.

لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا، ٤ هاووڵاتی بەلووچ بە هۆی تەقەی راستەوخۆی پاسەوانانی سنووری پاسگای \"نگور\" لە نێوان سنووری پاکستان و ئێران کوژرا و بریندار کراون.

دەوترێت، پاسەوانانی سنوور لە پاسگای نگور بە بێ ئاگادار کردنەوەی ماشێنی ئەو دوو هاووڵاتییە بەلووچەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.

لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، رێژەی ئەو هاووڵاتییە بەلووچانەی کە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکان حکوومەتی ئێران پێکراون، ٢٢ کەس راگەیەندراوە کە لە کۆی گشتی ئەو رێژەیە ١٥ کەس کوژرا و ٧ی دیکەش بریندار بوون.