دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە ژووری تاکەکەسیدان

14:16 - 5 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: فشاری بەرپرسانی زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامی بۆسەر چالاکانی سیاسیی کورد بەردەوامە و بەرپرسی زیندانەکان زیندانیانی سیاسیی کورد لە دژوارترین دۆخدا رادەگرن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکێکی سیاسیی کورد کە لە زیندانی میناب لە دەستبەسەریدایە، بە بڕیاری دادستانی گشتیی ئەو شارە رێگری لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان دەکرێ.

ئەفشین سۆهراب زادە، کە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی میناب مانی لە خواردن گرتبوو، لە رۆژی دووشەممەی حەفتەی رابردوویەوە، گەڕێندرابوویەوە بۆ زیندان.

\"23314.jpg\"
ئەفشین سۆهراب زادە چالاکێکی سیاسیی کورد کە لە زیندانی میناب لە دەستبەسەریدایە
ئەو چالاکە سیاسییە، بۆ چارەسەریی نەخۆشییەکەی رەوانەی دەرەوەی زیندان کرا، بەڵام بە پێچەوانەی راسپاردەی پزیشکان لەمەڕ ناردن بۆ نەخۆشخانەی بەندەرعەباس، هەنووکە لە ژووری تاکەکەسیدا راگیراوە.

پشتڕاست کرانەوەی تووشبوونی ئەفشین سۆهراب‌زادە بە نەخۆشیی شیرپەنجە لە کاتێکدایە ، کە دادستانیی ئەو شارە دژایەتی لەگەڵ هەر چەشنە چارەسەرییەک بۆ ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دەکات.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ لە ئێران بلاوی کردۆتەوە: بەرپرسانی زیندان بە مەبەستی سزادان و تەمێ کردنی سۆهراب، خستوویانەتە ژووری تاکەکەسییەوە.

ئەفشین سۆهراب‌زادە، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و دوورخرانەوەی بۆ براوەتەوە.

عەلی مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان، کە ماوەی ١٦ رۆژ بوو لە ژووری تاکەکەسیی نێو زیندانی میناب مانی لە خواردن گرتبوو، رۆژی رابردوو بۆ بەندی گشتیی نێو زیندان گەڕێندرایەوە.

\"23312.jpg\"
عەلی مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی مەریوان
ناوبراو کە حوکمی ٣٠ سال زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە، پاش ناڕەزایەتی دەربرین بە چارەسەر نەکردنی نەخۆشیی ئەفشین سۆهراب‌زادە، لە رۆژی ١٨ی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵەوە بۆ ژووری تاکەکەسیی نێو زیندانی میناب گوازرابوویەوە.

هاوکات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هاووڵاتییەکی مەهابادی بەناوی (شۆڕش ئاوێنە)، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢ حەفتە بەسەر دەستبەسەرکرانیدا، لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ راگیراوە.

ماڵپەڕی \"هیرانا\" لەو بارەیەوە بڵاوی کردۆتەوە، دۆستان و نزیکانی (شۆڕش ئاوینە بۆکانی) هیچ هەواڵێکیان لە چارەنووس و دۆخی جەستەیی ناوبراو نییە.

هەتا کاتی بلاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، لێپرسراوانی ئەمنی، هیچ زانیارییەکیان لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەرکردنی شۆڕش ئاوێنە، کە رۆژی \"جێژنی قوربان\" دەستبەسەر کراوە، بە کەسوکار و بنەماڵەی ناوبراو رانەگەیاندووە.

بە بۆچوونی محەمەد سەیف‌زادە و مافناسانی دیکەی چالاک لە بواری مافی مرۆڤدا، ژووری تاکەکەسی نموونەی زەقی ئەشکەنجەی زیندانییە و وەکوو سەرپێچییەکی قەزایی لە قەڵەم ئەدرێ.