دوو زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران

10:23 - 24 پووشپەڕ 2720

 ئەمڕۆ سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵ‌ زادە" خەڵکی مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئێعدام کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ، حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی ١٣ کەس لە کوژراوەکانی تەقینەوەی بومب لە مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩، جێبەجێ کراوە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی پووشپەڕ، دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندی ١_٢ی زیندانی ورمێ بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون.

لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لە حاڵێکدا بووە کە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران دەبێ دەستبەجێ بەرنامەی جێبەجێکردنی ئێعدامی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ ڕەسووڵزادە" ڕابگرن.

"سابیر شێخ عەبدوڵڵا"، کوڕی "مستەفا" و خوێندکاری پێشووی کارناسیی باڵای زانکۆی عەلامەی یەکسانیی شاری تاران و "دیاکۆ ڕەسووڵ ‌زادە" لە ساڵی ٩٢وەوە لە زینداندان و پاش ڕەتکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانیان لە دیوانی باڵای وڵات، ساڵی ٩٦ دووبارە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابوک" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

حوکمی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە پاش داسەپاندنی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کرابووەوە.

حوکمی ئێعدامی "حوسێن عوسمانی" یەکێکی دیکە لە هاودۆسیەکانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە مەحکووم بە ئێعدامە، لە دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرابووەوە و دواتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سی ساڵ زیندانیی تەعزیری  و دوورخرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ مەحکووم کرابوو.

"سابیر شێخ عەبدوڵلا، حوسێن عۆسمانی و دیاکۆ ڕەسووڵ زادە"، مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٢ لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ناوەڕاستی مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٣، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئەحمەد جەوادی کیا" بە تۆمەتی "ئەنجامدانی تەقینەوە" و "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران" بە ئێعدام مەحکووم کراون.

وزارەتی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی مەهاباد و ئەندامیەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان تۆمەتبار کرد.

پێشتریش، یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا بە هەواڵنێری کوردپای ڕاگەیاند: "دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی وەزیری ئیتلاعات و ڕاستەوخۆ بووە قوربانیی ئەو ناوەندە ئەمنییەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سابیر ئاگاداری ئەو تەقینەوەیەش نەبووە".

پێشتر، کەسوکاری ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی مەهاباد ڕایانگەیاندبوو کە کوڕەکانیان لە ماوەی دەسبەسەریدا لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە مەبەستی وەرگرتنی "دانپێدانانی تێلێڤیزیۆنی"، بەتوندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.