دوو زیندانیی سیاسیی کورد زیاتر لە ٢ دەیەیە لە مافی مەرەخەسی بێبەرین

15:59 - 3 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسیی کورد، کە زیاتر لە ٢ دەیەیە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەدەستبەسەریدان، لە مافی چوونە مەرەخەسی بێبەرین.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیایسی کوردی خەڵكی پیرانشار، کە ماوەی ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا راگیراوە، سەرەڕای چەندین جار داواکاریی خۆی و بنەماڵەکەی بۆ چوونە مەرەخەسی، لەو مافە بێبەرییە.

یەکێک لە نزیکانی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە لێدوانێکدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەهۆی نەبوونی پارێزەر بە دروستی لە دۆخی پەروەندەکەی ئاگاداریمان نییە.

\"25602.jpg\"
عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیایسی کوردی خەڵكی پیرانشار، کە ماوەی ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا راگیراوە
هەروەها گوتیشی: ساڵی ٨٧ پارێزەرێکمان بۆ گرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیکە تەنانەت یک جاریش باسی پەورەندەکەی نەکرد، تەنیا پارەی لێ خواردین.

ناوبراو وێرای رەت کردنەوەی هەواڵی ونبوونی پەورەندەکەی لە دادگوستەریدا، رایگەیاند؛ نیگەرانیی ئێمە بۆ زیادکردنی ١٠ سال زیندانی بە حوکمەکەیەتی، کە هەتا ئیستاش هۆکاری زیادکردنی ئەو حوکمە نازانین.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەروو، کە بەهۆی دەستکورتی و خراپیی باری ئابوورییەوە، بنەماڵەکەی توانای گرتنی پارێزەریان نییە و بەو هۆیەوە لە رەوتی حوکمی دەزگای قەزایی بۆ عوسمان مستەفاپوور ئاگادار نین.

عوسمان مستەفاپوور، بە پێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد، ساڵی ١٣٧٥ دەستبەسەر کراو هەنووکە زیاتر لە ٢٣ ساڵە لە زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دەستبەسەریدایە و لە ئێستادا لە زیندانی ناوەندیی ورمێدایە.

هاوکات محەمەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سایین قەڵا، کە زیاتر لە ٢١ ساڵە لە دەستبەسەریدایە، ئیتلاعاتی مەهاباد رێگری لە ئازادبوونی ناوبراو دەکات.

لەماوەی رابردوودا، دادگەی مەهاباد بڕیاری ئازادکرانی ناوبراوی دابوو، بەڵام ئیتلاعاتی مەهاباد رێگریی لەو بڕیارەی دەزگای دادوەریی مەهاباد کرد.

بە گوتەی محەمەد نەزەری، ساڵی ٩١ لەسەر بڕیاری دادستانیی گشتیی وڵات پەروەندەکەم خرایەوە بەر پێداچوونەوەو پاش ماوەیەک، کە دادگا بریاری ئازادکردن و لێبوردنی بۆ من دەرکرد، بەڵام ئیتلاعات بەهۆی غەرەز و کینەوە لەگەڵ ئازادبوونی من دژایەتی کرد.

\"25603.jpg\"
محەمەد نەزەری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سایین قەڵا، کە زیاتر لە ٢١ ساڵە لە دەستبەسەریدایە
ئەو چالاکە سیاسییە کوردە، کە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەدەستبەسەری دایە، پاش زیاتر لە ٢١ ساڵ راگیران لە زیندان، هەتا ئیستا مەرەخەسیی پێنەرداوە.

محەمەد نەزەری، ٨ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٧٣ی هەتاوی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا و لە شاری بۆكان لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەرکرا و لەلایەن دادگای شۆرشی \"ورمێ\"ـەوە حوکمی سێدارەی بۆ برایەوە و ساڵی ٧٨ی هەتاوی حوکمەکەی بۆ زیندانی هەتاهەتایی گۆڕدرا.