دوو زیندانیی سیاسی لە زیندانی ورمێ بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران

18:18 - 14 گەلاوێژ 2720

ڕۆژی سێشەممە ١٤ی گەلاوێژ، "ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی" و کوڕەکەی بە ناوی "سالار خەلیل سدیقی هەمەدانی"، دوو زیندانیی سیاسی لە گرتووخانەی ورمێ، لە بەندی ڕاوێژی ئەو زیندانە بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێ بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو دوو زیندانییە سیاسییە ڕۆژی دووشەممە ١٣ی گەلاوێژ، بەنیسبەت خراپیی بارودۆخی زیندان ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو و لە بەندی ڕەواندەرمانی بۆ بەندی ڕاوێژ ڕاگوێزراون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو زیندانییە سیاسییە چەندین جار بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خراپی زیندان مانیان لە خواردن گرتبوو؛ هەروەها جارێکی دیکە بەهۆی ڕاگواستنەوەیان بۆ بەندی زیندانییانی سیاسی، دەستیان دابووە مانگرتن.

"ئیبراهیم خەلیل سدیقی هەمەدانی" لەگەڵ کوڕ و کچەکەی سالار و مەریم خەلیل سدیقی هەمدانی، ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٧، لە شاری ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش دوو مانگ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ڕاگوێزران.

"مەیەم خەلیل سدیقی هەمەدانی" ڕێکەوتی ٥ی بانەمەڕی ساڵی ٩٨، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ڕێکەوتی ٢٧ی خەرمانانی سآڵی ٩٨، "ئیبراهیم و سالار خەلیل سدیقی هەمەدانی" لە لقی دووی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدنی خەڵقی ئێران" هەر کامەیان بە ١٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە دواتر لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتی "وێنەهەڵگرتنەوە لە ناوەندە نیزامییەکان" هەر کامەیان بە ٣ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوون.

حوکمی داسەپاو دژی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە بە پشتبەستن بە مادەی ١٣٤ی یاسای سزای ئیسلامی، ١٥ ساڵ بۆ هەر کامەیان جێبەجێ بکرێت.