دوو زیندانیی سیاسی لە زیندانی نەغەدە بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزران

12:50 - 11 جۆزەردان 2721

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی جۆزەردان، دوو زیندانیی سیاسی بە ناوەکانی "ڕەحیم ڕەفعەتی"، کوڕی محەممەد و "ڕەحمان تابش"، کوڕی موراد، خەڵکی شاری شنۆ، لە زیندانی نەغەدە بۆ زیندانی شوێنی لەدایکبوونیان ڕاگوێزراون.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە، سەرەتاکانی مانگی بانەمەڕ هاتبوونەوە مەرەخەسی و پاش کۆتایی ماوەی مەرەخەسییەکەیان گەڕابوونەوە زیندانی نەغەدە.

ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕەشەمەی ٩٩، ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

مانگی ڕێبەندانی ٩٩، حوکمی ئەو دوو هاووڵاتییە لە دادگای پێداچوونەوەی ورمێ پشتڕاست کرایەوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لەلایەن دادگای ئینقلابی شنۆ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران و تەبانی دژی نیزام"، ٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندان و هەروەها بە تۆمەتی "پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ٨ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو.

بەپێی یاسای کۆکردنەوە، جێبەجێکردنی حوکمی توندترین سزا بۆ ئەو دوو هاووڵاتییە لە ئارادایە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی پووشپەڕی ٩٩، بەبێ بەڵگەی یاسایی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون.

ناوبراوان مانگی ڕەزبەری ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە گرتنگە ئازاد کرابوون.