دوو زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران

12:23 - 27 پووشپەڕ 2721

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کرا.

هەواڵنێری هێرانا شوناسی ئەو دوو زیندانییەی "بابەک ئەسڵانی و مۆحسین ئیسفەهانی" ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی هەینی ٢٥ی پووشپەڕ بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، زیندانییەکی دیکە بە ناوی "مەیسەم سادقی" کە هاوکات لەگەڵ ئەم دوو زیندانییە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو لە دوای وەرگرتنی ڕەزایەتمەندی لە بنەماڵەی کوژراوەکە، بۆ بەندی زیندان گەڕێندراوەتەوە.

جێبەجێکردنی حوکمی ئەو دوو زیندانییە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەلایەن میدیاکانی نێوخۆی ئێران و هەروەها سەرچاوە فەرمییەکانەوە، ڕانەگەیەندراوە.