دوو زیندانی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران

11:24 - 12 پووشپەڕ 2721

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە ١٢ی پووشپەڕ، حوکمی لەسێدارەدانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "ناسر ئازموودە"، خەڵکی گوندی "قۆلنجی" سەر بە بەخشی ئەنزەلی ورمێ و "شەهریار ئەمیری"، کوڕی میرسوڵتان و خەڵکی شنۆ، لە زیندانی ورمێ جێبەجێ کرا.

ئەو دوو زیندانییە رۆژی هەینی ١١ی پووشپەڕ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرابوون.

ئەو دوو زیندانییە، پێشتر لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە تۆمەتی "تاوانی ماددە سڕکەرەکان"، بە ئێعدام مەحکووم کرابوون.

تەرمی ئەو دوو زیندانییە، ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو دوو زیندانییە لەلایەن سەرچاوە فەرمییەکان و میدیاکانی نێوخۆی ئێرانەوە، ڕانەگەیەندراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٩ی پووشپەڕ، زیندانییەک بە ناوی "محەممەدتاهیر سلێمانی"، تەمەن ٦٥ ساڵ و خەڵکی دزەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە زیندانی مەهاباد ئێعدام کرا.

محەممەدتاهیر سلێمانی، سێ ساڵ لەمەوبەر بە تۆمەتی "تاوانی ماددە سڕکەرەکان" دەسبەسەر و لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.