دوو دەروێشی گونابادی لە شاری ئابدانان دەسبەسەر کران

12:35 - 14 رەزبەر 2720

ڕۆژی شەممە ١٢ی ڕەزبەر، دوو دەروێشی گونابادی بە ناوەکانی "ئەمین عەلیزادە تەمەن ٣١ ساڵ و تەقی مورادی تەمەن ٣٦ ساڵ"، دانیشتووی شاری ئابدانانی پارێزگای ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ زیندانی ئیلام ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو دەروێشەیان دەسبەسەر کردووە و هەتا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

ئەو دوو دەروێشە زستانی ساڵی ٩٦ لە کۆبوونەوەی دەروێشەکانی گونابادی لە گوڵستان دەسبەسەر کرابوون. هەروەها ساڵی ٩٧ لە ئیلام دەسبەسەر کران و دواتر بۆ زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزران و بەرپرسانی زیندان بۆ سووکایەتیکردن بەو دوو هاووڵاتییە سەر و سمێڵیان تاشی و لە بەندە جۆراوجۆرەکان دابەشیان کردبوون.

"تەقی مورادی" دواتر لە دادگای ئینقلابی ئیلام بە تۆمەتی "بەشداری لە کۆبوونەوەی دەروێشەکانی گوڵستان" بە ١٠ ساڵ زیندان مەحکووم کرا و دەبێ لەو ١٠ ساڵە ٥ ساڵی حوکمەی جێبەجێ ببێت. "ئەمین عەلیزادە" هەروەها پێش لە دەسبەسەرکردنی بە هەمان تۆمەت لەلایەن دادگای ئینقلابی ئابادانانەوە بە ٧ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.