دوو حیزبی دەسەڵات بەدەستی ئامریکا پشتیوانیی خۆیان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی

18:06 - 21 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دێموکرات و کۆماریخوازەکان لە کۆنگرەی ئامریکا، گەڵاڵەیەکیان لەمەڕ پشتیوانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئێران پێشکەش کرد.

دوو حیزبی دەسەڵات بەدەستی ئامریکا، دێموکرات و کۆماریخوازەکان، گەڵاڵەیەکیان سەبارەت بە سەرکوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، پێشکەشی کۆنگرەی ئەو وڵاتە کرد و کۆنگرەش ناڕەزایەتیی خۆی لە هەمبەر سەرکوتی هاووڵاتییان دەربڕی و باسی لە سەدان کوژرا و بریندار لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان کرد.

هەروەها، "دۆناڵد ترامپ" و بەرپرسانی سیاسیی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی خۆیان لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران ڕاگەیاند.

ڕۆژنامەی "واشنتۆن تایمز"، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢١ی سەرماوەز، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک، باسی لە پشتیوانیی نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران کرد.

کۆنگرەی ئامریکا ڕایگەیاندووە، ئەو گەڵاڵەیە بە ئامانجی گوشاری زیاتر خستنەسەر حکوومەتی ئیران و بەربەرەکانێ لەگەڵ سەرکوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان لەلایەن حکوومەتی ئەو وڵاتەوە داڕێژراوە.

لەو ڕاپۆرتەدا، هاتووە: "حکوومەتی ئێران بۆ کپکردنی دەنگی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەربڵاوە خەڵکییەکان، دەستی داوەتە سەرکوتی بێبەزییانە و ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتیی خەڵکی ئێران".

"جۆ ویڵسون"، نوێنەری کۆماریخوازەکانی ویلایەتی کارۆلینای باشووری و یەکێک لە داڕێژەرانی ئەو گەڵاڵەیە ڕایگەیاندووە: "بە پێشکەشکردنی ئەو گەڵاڵەیە، کۆنگرە پەیامێکی قورس و پشتبەستوو بە دەنگی نوێنەرانی هەر دوو حیزب بۆ خەڵکی ئێران ناردووە، پەیامی کۆنگرە پشتیوانیی نوێنەرانی ئامریکا لە هەوڵە دێموکراتیکەکانی خەڵکی ئێرانە، ئێمە هەرچی لە دەسەڵاتماندا بێت بۆ پێشگرتن لە پێشێلکردنی ئاشکرا و ئاگایانەی مافی مرۆڤ لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە، ئەنجامی دەدەین".

لەو گەڵاڵەیەدا، "تێدا داچ"، نوێنەری دێموکراتەکان لە ویلایەتی فلۆریدا و یەکێک لە پشتیوانانی ئەو گەڵاڵەیە، بە ئاماژەدان بە پچڕاندنی هێڵی ئینتەرنێت و پشتیوانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران ڕایگەیاندووە: "حکوومەتی ئیران لە پێشێلکردنی هاووڵاتییان، وڵاتەکەی خۆی مێژوویەکی نەنگینی هەیە، حکوومەتی ئێران هەوڵی سانسۆڕی ئینتەرنێتی داوە، ئازادییە ئایینییەکان و هەروەها ئیمکانی بەشداریی سیاسی خەڵکی بەرتەسک کردووەتەوە، هەواڵنێران زیندانی دەکات و دژبەرانی سیاسی ئازار و ئەشکەنجە دەکات".