دوو برا لە شاری مەهاباد دەسبەسەر کران

16:14 - 6 رەزبەر 2720

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سالار و سامان ‌غەزالی" خەڵکی گوندی "بەیرەمـ"ـی بەخشی خەلیفانی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کە (برا بوون) دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە و پاش پشکنینی ماڵەکەیان دەستیان بە سەر هێندێک کەرەستەی شەخسیی ئەوان داگرتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی  ١٠ ڕۆژ دەسبەسەرکرانیدا، زانیارییەک ورد لە مەڕ چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە".

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەروەها دەڵێت: "هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەیان بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسی ئەو دوو برایە و شوێنی ڕاگیرانیان لەبەردەستدا نییە.