دوایین گیراوی ناڕەزایەتییەکانی سەردەشت بە بارمتە ئازاد کرا

16:19 - 28 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دوایین گیراوی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی خەڵکی سەردەشت بۆ پشتیوانی لە شاری مەهاباد، بە بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەک‌شەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، بنەماڵەیەکی شاری سەردەشت بۆ ئازادیی کوڕەکەیان لە زیندانی هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران، بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنییان دانا.

ناوی ئەو هاووڵاتییەی کە بە بارمتە لە زیندان بەر بووە، \'\'کامیل رەسووڵ پوور\'\' راگەیەنراوە.

ناوبراو لە پێوەندی لەگەڵ کۆبوونەوە ناڕەزاییەتیەکانی سەردەشت بۆ پشتیوانی لە خەڵکی مەهاباد دەستبەسەر کرابوو.

ئەو هاوڵاتییە کوردە دوای ٨ رۆژ دەستبەسەر کردن لە زیندان ئازاد کراوە.

دەوترێ، کامیل ‌رەسووڵ‌پوور لە کاتی راگیرانی لە زینداندا لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

\"26588.jpg\"
کامیل ‌رەسووڵ‌پوور، دوای ٨ رۆژ دەستبەسەر کردن بە بارمتە لە زیندان ئازاد کراوە

سەرەڕای زاڵبوونی کەش‌ و دۆخی ئەمنییەتی لە کوردستان، رۆژی شەممە ١٩ی بانەمەڕ، هاوڵاتییانی سەردەشت بۆ پشتیوانی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی مەهاباد، کۆبوونەوە ناڕەزایەتییان بەرێوە برد.

لەو کۆبوونەوەدا، ١٢ کەس لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەستبەسەر کرابوون.

تێکڕای دەستبەسەر کراوەکان بە دانانی بارمتە ئازاد کران.