دوایین هەواڵەکان لە نائارامییەکانی کوردستان/ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان لە مەهاباد بەردەوامە

17:35 - 18 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: پاش هاتنە ئارای تێکهەڵچوون لە ناڕەزایەتییەکانی دوێنێی شاری مەهاباد، هاتوچۆ لە رێگای بۆکان بۆ مەهاباد لە کاتژمێر ٢١ی رۆژی پێنج‌شەممەوە قەدەغە کراوە.

هەروەها لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە، دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی مەهابادی لە ئاستی شار و لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانەوە دەستی پێ کردووە.

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە شاری بۆکانەوە، شەوی رابردوو پێش بە رۆیشتنی ئەو ماشینانە گیراوە کە ویستوویانە لە شاری بۆکانەوە بەرەو مەهاباد بچن، بەڵام بەپێی هەواڵەکان ئەو بارودۆخە لە سەرلە بەیانیی ئەمڕۆوە، گەڕاوەتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی.

ئەم پێشگیرییە لەلایەن هێزی پۆلیسی هاتوچۆی رێگاکانی ئەو شارستانە و بە ئامادەبوونی هێزە نیزامییەکان لە چوونەدەرەوەی شاری بۆکان بەرەو مەهاباد هاتووەتە ئاراوە. هەنووکەش هەواڵەکان باس لە زۆریی ژمارەی هێزە نیزامییەکان لە دەروازەکانی شاردا دەکەن.

دوایین هەواڵەکان لە بارودۆخی شاری مەهاباد

\"26438.jpg\"
هەواڵنێری کوردپا سەرەڕای هەبوونی دۆخێکی توندی ئەمنیەتی لە ئاستی شاری مەهاباد و کەمترین ئیمکانات لەمەڕ رووماڵکردنی وردی هەواڵەکان، دوایی راپۆرتەکانی خۆی لەبارەی دۆخی شاری مەهابادەوە ناردووە.

هەتا بەیانیی رۆژی هەینی، ژمارەی بریندارانی رۆژی رابردوو لە نەخۆشخانەی شاری مەهاباد، ٢٣ کە دۆخی ٣ کەس لەو بریندارانە نالەبار راگەیەنراوە و یەکێکیشیان بەهۆی قووڵیی برینەکەیەوە رەوانەی شاری ئورمیە کراوە.

هاووڵاتییەکی شاری مەهاباد بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە کە یەکێک لە برینداران بینایی خۆی لە دەست داوە، بەڵام ئەم هەواڵە لەلایەن ئاژانسی کوردپاوە تەئید ناکرێ.

شایەتحاڵان دەڵێن، ژمارەی برینداران زیاتر لەو ژمارەیەیه کە راگەیەنراوە و برینداران بەهۆی مەترسیی دەسبەسەرکرانیان لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانەوە، لە رۆیشتن بۆ نەخۆشخانە خۆیان بواردووە.

دەسبەسەرکران و بارودۆخی هاووڵاتییانی مەهابادی لە بەرەوڕووبەنەوە لەگەڵ ناوەندی ئەمنیەتی و نیزامییەکاندا

\"26440.jpg\"
راپۆرتێری کوردپا لە شاری مەهاباد رایگەیاند کەلە یەکەم ساتەکانی بەیانیی ئەمڕۆدا، هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان بە شێوەیەکی هاوئاهەنگ، دەستیان کردووە بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییانی مەهابادی.

هەتا ئێستا ناوی چەندین ناڕازیی دەسبەسەرکراوی شاری مەهاباد بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتووە کەلە هەواڵەکانی دیکەی ئەم رووماڵەدا بڵاو دەکرێنەوە.

ژمارەیەک لە دەسبەسەرکراوان، لە ماڵی خۆیاندا بە هێرشی هێزە ئەمنیەتییەکان و بەبێ هیچ حکومێکی قەزایی دەسبەسەر کراون.

بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئاماری دەسبەسەرکراوان زۆر زیاتر لەو رێژەیە کە راگەیەنراوە بە چەشنێک کە بە ئۆتۆمبێلی جۆری ئوتووبووس رادەگوازرێنەوە. ئاژانسی کوردپا هەتا ئێستا ژمارەی وردی دەسبەسەرکراوەکان پژڕاست ناکاتەوە، بەڵام دەسبەسەرکرانی چەند کەسێک لە هاووڵاتییان تەیید دەکات.

هەروەها هەتا ئێستاش هیچ دەزگایەکی هەواڵدەری، هەواڵێکی بە شێوەی فەرمی لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی دەسبەسەرکراونی شاری مەهاباد بڵاو نەکردووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، سەرچاوە ئاگادارەکان هەواڵی بەردەوامیی دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییانی مەهابادی پژڕاست دەکەنەوە.

دۆخی گشتیی شاری مەهاباد

\"26439.jpg\"
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دۆخی گشتیی شاری مەهاباد بە تەواوی ئەمنیەتی راگەیەنراوە.

ژمارەی هێزەکانی یەگانی تایبەت و هێزە نیزامییەکان زیاتر لە حاڵەتی ئاسایی راگەیەنراوە و کۆبوونەوەی زیاتر لە دوو کەس لە ئاستی شاردا پێشی پێ دەگیرێ، بە تایبەت لە ناوچەکانی ناوەندی شاری مەهابادا.

رووداوەکانی رۆژی رابردوو لە مەهاباد بە شێوەی ناوچەیی و جیهانی لە لایەن راگەیەنەکانەوە رووماڵ کراوە و لە چەند کاتژمێری داهاتووشدا کوردپا هەواڵی ورد لە دۆخی شاری مەهاباد بڵاو دەکاتەوە.