دوایین زانیارییەکان لەبارەی هێرشی pkk بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات+ تەکمیلی

14:29 - 3 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و کوردستانی باشوور، هێرشی چەکداریی کردە سەر بەشێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

بەپێی ئەو هەواڵانە کە بڵاو بوونەتەوە دوو پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی هێرشی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان شەهید کران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حدکا لە ناوچەی کێلەشین لەلایەن چەکدارانی سەربە پەکەکەوە هێرشیان کراوەتە سەر و هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد لە چۆنیەتیی شەڕەکە و و شەهیدبوون و بریندابوونی پێشمەرگەکانی حیزبی دێمۆکرات لەبەر دەستی ئاژانسی کوردپادا نییە.

یەکێک لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کاناڵی رووداو باسی لە شەهید بوونی دوو پێشمەرگەی ئەو حیزبە کردووە.

تەکمیلی: محەممەد ساڵح قادری بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە هەولیر و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ئەو حیزبە لە درێژەی لێداونەکەیدا باسی لەوەش کرد کە ژمارەیەک لە پارڵمانتارانی حکوومەتی هەرێم لە ژێر ناوی\" شاندی یەکیەتی پارلمانتاران\" بۆ راگرتنی شەڕەکە بەرەو قەندیل و کێلەشین وەرێ کەوتوون.

تەکمیلی ١: ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە سەرچاوەیەکی ئاگادراوە زانیویەتی کە هەتا چەند ساتێکی دیکە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران بەیاننامەیەکی فەرمیی لەسەر هێرشی پەکەکە بۆ سەر بەشێک لەپێشمەرگەکانی لە قەندیل، بڵاو دەکاتەوە.

تەکمیلی ٢: چەند خولەکێک لەمەوبەر سەرۆکایەتی پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا خوازیاری کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان پ.ک.ک و حدکا بوو.

پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای هوشداریی دان بە دوو لایەنی شەڕەکە هاوکاتیش خوازیاری ئاگربڕی بێ مەرج بووە.

لە بەیاننامەکەدا داوا لەرێبەرانی حیزبی دێمۆکرات و پارتی کرێکارانی کوردستان کراوە کە بۆ چارەسەریی کێشەی نێوانیان سەردانی سەرۆکایەتی پارلمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

تەکمیلی٣: لە درێژەی هەڵوێستی فەرمیی حیزب و لایەنە سیاسییەکان، حیزبی دێمۆکراتی کوردستانیش لەسەر بارگرژییەکانی نیوان پ.ک.ک و حدکا بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

لەبەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە: \"پێ. کا. کا هێزێکی سیاسیی باکووری کوردستانە‌ و چالاکیی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات ‌و بوونی هێزەکانیان لەسەر سنوورەکانی ڕۆژهەڵات، نە هەڕەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندی ڕەوای پێ.کا.کا ‌و باکووری کوردستان، نە پێشگیری‌و دژایەتی لەگەڵ ئەم جۆرە چالاکی و تێکۆشانەش، دەچێتە خانەی ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی\".

حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەڵێ: \"سیاسەتی دەستێوەردانی پێ.کا.کا لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان هەر لە کۆنەوە، سەرچاوەی گرژی ‌و ناکۆکی لە گەڵ هێزە کوردییەکان بووە\".

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، \"لە هێزکۆکردنەوە‌و جموجۆڵی‌هاوکاتی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌و پیلانگێڕییان لە دژی هێزە سیاسییەکانی ئەو بەشەو خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نیگەرانین‌.هەر بۆیە داوای وشیاری‌و لەسەر هەستبوون لە هەموو لایەنەکان بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی نیاز‌و پیلانە شوومەکانی ئەو ڕێژیمە دەکەین\".

هەواڵی پێوەندیدار:
شارەکانی شنۆ و ورمێ بەهۆی حوزووری هێزەکانی حدکا میلیتاریزە کران + تەکمیلی
RMMK: هێرشی پ.ک.ک بۆسەر پێشمەرگە، لە قازانجی دوژمن دایە
راگەیەندراوی حدکا سەبارەت بە هێرشی پەکەکە و هەڵوێستی حیزبی کۆمەڵە