دواکەوتنی پارەی کرێکارانی شارەداریی مەریوان و هەواڵە پێکناکۆکەکان لەو پێوەندییەدا

10:57 - 21 خەزەڵوەر 2720

کرێکارانی شارەداریی مەریوان، ماوەی ٨ مانگە پارەیان وەرنەگرتووە و تەنیا لەو ماوەیەدا، ٨ میلیۆن تمەن پارەیان وەرگرتووە.

یەکێک لە کرێکارانی شارەداریی شاری مەریوان وێڕای پشتڕاست‌کردنەوەی ئەو هەواڵە، ڕایگەیاندووە: "لەو ماوەیەدا، تەنیا ٨ میلیۆن تمەن پارەیان پێداوین بە شێوەی عەلەلحیساب".

ئەو کرێکارە هەروەها دەڵێت: "لە هەر ٤٠ هەتا ٥٠ ڕۆژ، میلیۆنێک یان دوو میلیۆن تمەن بە شێوەی عەلەلحیساب پارەمان پێی دەدەن و چەندین مانگە پارەمان وەرنەگرتووە".

ئەو کرێکارە کە لەگەڵ کاناڵی تێلێگرامیی "مریوان خبر"  ئەو هەواڵەی باس کردبوو و ڕایگەیاندبوو، تەنانەت ئیزافەکاریی ساڵی پێشوو (٩٨)مان وەرنەگرتووە و پارەی ساڵانی پێشووترمان هەتا ئێستا پێنەدراوە.

بەرپرسانی شارەداریی مەریوان لە پێوەندیی لەگەڵ دواکەوتنی پارەی کرێکارانی ئەو شارەداریییە ڕایانگەیاندووە، پارەمان نییە، کاتێک داهات و پارەمان نییە، چۆن دەتوانین پارەی کرێکاران بدەین.

ئەوە لە حاڵێکدایه هەر کاناڵی تێلێگرامی "مریوان خبر" لە هەواڵێکی دیکەدا و پاش چوار کاتژمێر لەژێر گوشاردا، بڵاوی کردەوە کە پارەی دواکەوتووی کرێکاران هەموو دراوە.

ئەو کاناڵە تێلیگرامییە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ دەسبەکاربوونی قاسمی‌پوور شارەداری مەریوان، لە ماوەی ٥ مانگدا، زیاتر لە ١٢ میلیارد تمەن پارەی ساڵانی پێشوو و پارەی ئەمساڵی کرێکاران دراوە.

شارەداریی مەریوان نزیک ٤٠٠ کرێکاری هەیە.

بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان لە ترسی داخرانی کاناڵەکانیان و هەروەها لە ترسی بانگهێشت و دادگایی‌کردنییان، ناچارن هەواڵی دوور لە ڕاستی بڵاو بکەنەوە.