درێژەی ئاگرکەوتنەوەکان هەناسەی دارستانەکانی زاگرۆسی بڕیوە

12:33 - 4 جۆزەردان 2721

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانی کێوەکانی "شەڕکاو" و "کەلوچنارە"ی شاری نۆدشە، خەسارێکی بەرچاو بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیشتووە.

ئەو ئاگرکەوتنەوەیە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بۆ دووهەم جار پاش کوژانەوە و کۆنتڕۆڵکردنی دەستی پێ کردووەتەوە.

هاووڵاتییانی شاری نۆدشە داوایان لە خەڵک و چالاکانی ژینگە کردبوو کە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بە هانایانەوە بچن.

کاناڵە تێلێگرامییە خۆجێییەکانی شاری نۆدشە لەو بارەیەوە نووسیویانە: "دارستانە هەزار ساڵەکانی ئەو ناوچەیە سووتاون و بوونەتە خۆڵەمێش".

 لەو پەیوەندییەدا، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ١ی جۆزەردان، بەهۆی هەورەتریشقەوە لەوەڕگە و دارستانی گوندی "دزاوەر (کاووژاڵ)"، ئاگری گرتووە و بەشێکی زۆری بوونەتە خۆڵەمێش.