دایکانی خاوەران: خاوەران تەنیا گۆڕستانی نهێنیی ناشتنی تەرمی جیابیران لەئێران نییە

15:42 - 29 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: خەڵاتی مافی مرۆڤی \"گوانگجۆ\"‌ی وڵاتی کورەی باشوور وەکوو سەمبولی بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی کوژراو لەئێران، بەخشرایە دایکانی خاوەران ( مادران خاوران).

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٨‌ی بانەمەڕ لەرێوڕەسمێکدا دوو ئەندامی دایکانی خاوەران بەنوێنەرایەتیی لە هەزاران زیندانیی سیاسیی لەسێدارە دراوی دەیەی ٦٠‌ی هەتاوی، خەڵاتی \"گوانگجۆ\"‌ی مافی مرۆڤیان وەرگرت.

ئەو رێوڕەسمە لە شاری \"گوانگجۆ\"‌و بە بەشداریی پەروانە میلانی خوشکی رەحیم میلانی و مەعسوومە دانیشمەند دایکی بیژەن بازرگان لە قوربانیانی دەیەی ٦٠‌ی ئێران، بەڕێوە چوو.

ئەو دوو بنەماڵەیەی زیندانیانی سیاسی، پەیامی دایکانی خاوەرانیان پێشکەش کردووە و جەختیان لەسەر \"ئاشکرا کردنی راستیی و دادپەروەری\" لەپێوەندیی لەسێدارەدانی رۆڵەکانیان، کردەوە.

لەبەشێک لەو پەیامەدا کە ماڵپەڕی \" دادپەروەری بۆ ئێران\" بڵاوی کردۆتەوە، هاتووە: \"لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا زۆربەمان بە هۆی جیابیری، بەدواداچوون بۆ دەرکەوتنی راستییەکان، بەشداریی لە کۆڕیادی لەسێدارەدراوان لەسەر کار دەرکراوین و یان چوونە دەرەوە لەئێرانمان لێ‌ قەدەغە کراوە و بە هەر شێوەیەک کە بۆیان لوابێ‌زەختیان خستووینەتە سەر و هەڕەشەیان لێ‌کردووین، بەڵام خاوەران تەنیا گۆڕستانی ناشتنی بەنهێنی تەرمی جیا بیران نییە و ئەگەری ئەوە هەیە لە تاران و شارستانەکانی دیکەی ئێران چەندین گۆڕستانی لەو چەشنە بوونی هەبێت، لەحاڵی حازردا بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بە هۆی دەرخستنی ئەو راستییانە و بەداوادچوون بە چۆنیەتی کوشتاری بە کۆمەڵی دەیەی ٦٠، خراونەتە ژێر چاوەدێری و فشارییان لەسەرە و سەرجەم ئەو کەسانە بەشێک لە دایکانی خاوەرانن\".

خەڵاتی مافی مرۆڤی \"گوانگجۆ\"‌ی سەر بە رێکخراوی ناحکوومیی دامەزراوەی \"١٨‌ی مەی\"‌ـە و بێجگە لەدایکانی خاوەران، خەڵات بە \"عادڵ رەحمان خان\" چالاکی بەنگیلادیشی کە تەواوی کات و تەمەنی خۆی بۆ بەرگریی لە مافی سەرەتایی ئینسانەکان و جێگیرکردنی مافی مرۆڤ تەرخان کردووە، بەخشراوە.

دایکانی خاوەران، بە دایکان و بنەماڵەی زیندانیانی سیاسیی دەگوترێت کە بەتاوانی جیابیری و دژایەتیی لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەدەیەی ٦٠ و بەتایبەت هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی لەزیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا لەسێدارە دراون و زۆربەیان بەشێوەی نهێنی لەگۆرستانە شاراوەکاندا بۆ وێنە خاوەران لە باشووری رۆژهەڵاتی تاران بەخاک سپێردراون.

کۆمیتەی دیاریکردنی براوەکانی خەڵاتی مافی مرۆڤی \"گوانگجۆ\"، لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردۆتەوە، ئەندامانی دیکانی خاوەران بێ‌پسانەوە زەختیان خستۆتە سەر لێپرسراوانی حکوومەتی ئێران و خوازیاری تاوتوێکردن و بەدواداچوون بۆ دەرخستنی راستیەکان بوون.

ئیرەج میسداقی زیندانی سیاسیی مەحکووم بە سێدارەی دەیەی ٦٠ لە ئێران رایگەیاندووە \" ئێعدام کردن و کوشتنی زیندانیانی سیاسیی لە سەرلەبەیانیی ٣٠‌ی جۆزەردانی ١٣٦٠ دەستی پێکرد و هەتا ساڵی ١٣٦٣ زۆر بەربڵاو بوویەوە و پاش ساڵی ١٣٦٤ هەتا ١٣٦٧ بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشوو رێژەی لەسێدارەدان کەمی کرد، بەڵام لە بەهاری ١٣٦٧ جارێکی دیکە شەپۆلی لەسێدارەدانی جیابیران دەستی پێکردەوە.

دەگوترێت لە دەیەی شەستی هەتاوییدا و لەسەر بڕیاری \"خومەینی\" نزیک بە ٢٠ هەزار کەس لەدژبەران و جیابیرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دران.

حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانیش باسیان لەوە دەکرد کە ئەندام و لایەنگرانیان لەناو ریزی لەسێدارەدراوان دان و ڕایان وایە، کە نزیک بە هەزار زیندانیی سیاسیی کورد لە دەیی ٦٠‌دا لەسێدارە دراون.

\"20057.jpg\"
لەلایەکی دیکەوە لەساڵەکانی ٨٨ و ٨٩‌دا ژمارەیەک لەچالاکانی سیاسیی کورد لەشار و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە کوژراو و لەسێدارە دراون و هەتا ئێستا تەرمەکانیان رادەستی بنەماڵەکانیان نەکردۆتەوە.

رێکخراوی بەرگریی لەمافی مرۆڤی کوردستان لەم دواییانەدا بەیانییەیەکی لەمەڕ شاراوە بوونی شوێنی ناشتنی تەرمی زیندانیانی سیاسیی بە تایبەت لەسێدارەدراوەکانی ١٩‌ی بانەمەڕی ٨٩ بڵاو کردەوە و ئەو کارەی بە نامرۆڤانە و نایاسایی و پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لەقەڵەم دابوو.

وێنە: شادی ئەمین‌
\"20047.jpg\"

\"20048.jpg\"

\"20049.jpg\"

\"20050.jpg\"

\"20051.jpg\"

\"20052.jpg\"