دایک و کوڕێکی کورد لە بجنوورد بەهۆی گاز گرتووییەوە گیانیان لەدەست دا

20:36 - 9 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: دایک و کوڕێکی خەڵکی شاری \"بجنوورد\" لە پارێزگای خۆراسانی باکوور، بەهۆی گاز گرتووییەوە گیانیان لەدەست دا.

شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەشەممە ژنێکی تەمەن ٢٤ ساڵ، هاوڕێ لەگەڵ کوڕێکی خۆی کە تەمەن ٦ ساڵ بووە، لە ماڵی خۆیاندا بە گازی \"مۆنۆکسیدی کەربۆن\" خنکێندراون و گیانیان لەدەست داوە.

پزیشکی قانوونیی پارێزگای خۆراسان رایگەیاندووە، ئەو دایک و کوڕە بەدەستی ئەنقەست لەلایەن کەس، یان کەسانێکەوە بە گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن خنکاون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە سەرەڕای بەدواداچوونی پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هۆکاری خنکاندنی ئەو دایک و کوڕە نەزانراوە.

بەپێی ئاماری ئیدارەی پزیشکی قانوونیی ئێـــران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی رەزبەر ٢٣٤ هاووڵاتی لە ئێران بەهۆی رووداوی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٧١ کەسیان پیاو و ٦٢ کەسیشیان ژن بوون.

هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٢٠ هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای کوردستان بە هۆی گازگرتووییەوە، گیانیان لەدەست داوە.