دایک و باوکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو "ممنوع الخروج" کران

11:49 - 7 بانەمەڕ 2721

محەممەد حوسێن‌پەناهی و شەرافەت زەڕینی (دایە شەریفە)، باوک و دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراو، لەسەر بڕیاری وەزارەتی ئیتلاعات، "ممنوع الخروج" کران.

ئەمجەد حوسێن‌پەناهی، چالاکی مافی مرۆڤ و برای ڕامین حوسێن‌پەناهی لەو پەیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "وەرزارەتی ئیتلاعات نە تەنیا پاسپۆرتەکانی دایک و باوکمیان، کە لە یەک ساڵی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵکوو ئەوانیان بۆ ماوەی ٥ ساڵ ممنوع‌الخروج کردووه".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ڕۆژی ڕابردوو، باوک و دایکم بۆ وەرگرتنەوەی پاسپۆرتەکانیان سەردانی ناوەندی پەیوەندیداریان کردووە و لەوێ بەوانیان ڕاگەیاندووە کە لەسەر بڕیاری ئیتلاعاتی سنە، نە تەنیا پاسپۆرتەکانیان نادەنەوە، بەڵکوو لە بڕیارێکی نوێدا، ئێوە بۆ ماوەی ٥ ساڵ ممنوع‌الخروج کراون".

ساڵی ڕابردوو پاسپۆرتی باوک و دایکی ڕامین حوسێن‌پەناهی لەسەر بڕیاری ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، دەستی بەسەردا گیرابوو.

ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانانی ساڵی ٩٧، ڕامین حوسێن‌پەناهی لەگەڵ لوقمان و زانیار مورادی، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ئێعدام کران و هەتا ئێستا شوێنی ناشتنی تەرمەکانیان ڕوون نییە.