داواکارییەک لە خامنەیی، دەستبەسەرکرانی ٣ کچە خوێندکاری کوردی لێکەوتەوە

14:34 - 13 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران، ٣ کچە خوێندکاری کورد کە هاوڕێ لەگەڵ ١٨ کەسی دیکە نامەیەکیان بۆ عەلی خامنەیی ناردبوو، دەستبەسەر کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شیلان و کەوسەر رەحمانی‌پوور خەلکی شاری بۆکان و چنوور عەباسی خەڵکی شاری سنە ئەو سێ کچە خویندکارە کوردەن، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تاران دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەبێ هەبوونی مۆڵەت و ئاگادارکردنەوەی پێشتر، ئەو کچە خوێندکارانەیان دەستبەسەر کردووە.

بە گوتەی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی یەکێک لەو کچە خوێندکارانە، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ١١ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەکان ئەو کچە خوێندکارانەیان لە شوێنی مانەوەو پشوودانیان لە تاران دەستبەسەر کراون.

هێزە ئەمنییەکان هێندیک کەلوپەلی شەخسیی ئەو کچە خوێندکارانەیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە.

ئەو سێ کچە خوێندکارە، دوو حەفتە پێش ئێستا هاوڕێ لەگەڵ ١٨ چالاکی مەدەنی و مافی مرۆڤی دیکەی کورد، لەمەڕ دۆخی ژنە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی کورد کە لە زیندانەکانی ئێران لە دەستبەسەریدان، نامەیەکیان بۆ عەلی خامنەیی و کۆمیسیۆنی ئەسڵی ٩٠ی مەجلیسی ئیسلامی ناردبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە شوینی راگیران و چارەنووسی ئەو سێ کچە خوێندکارە کوردە لەبەر دەستدا نییە.

کەسوکاری ئەو سێ کچە خوێندکارە نیگەرانیی خۆیان لەمەڕ ناڕوونیی چارەنووسی کچەکانیان، دەربڕیوە.