داوا لە حکوومەتی ئێران کراوە رۆژنامەنووسانی زیندانی ئازاد بکات

16:56 - 22 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: ئێران بۆ جارێکی دیکە وەکوو یەکێک لەپێنج زیندانی گەورەی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان لەقەڵەم دراوەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەڕای تێپەڕینی نزیک بە بیست مانگ لەدەسەڵاتی حەسەن رۆحانی، ئێستاش ٤٦ رۆژنامەنووس و وێبنووس لەگرتووخانەکانی ئێران دان.

یەکێک لەبەلێنییە گەورەکانی رۆحانی لەکاتی بانگەشەکردندا ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی ـ عەقیدەتی بوو.

رۆژی رابردوو رێکخراوی هەواڵنێرانی بێ سنوور بڵاوی کردۆتەوە، کە رۆژنامەنووسان لەئێران بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستبەسەر و لە دادگا نادادپەروەرانەکاندا بە زیندان حوکم دەدرێن.

ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییە باسی لەتەندروستی ئاتنا فەرقدانی، سەعید رەزەوی فەقێ، سەراج میردامادی، مەسعوود باستانی و حوسێن رەونقی کردووە و لەو بارەیەوە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.

داواکاریی بێ ئەملاوئەولای ئازادکردنی رۆژنامەنووسانی زیندانی لە بەرەبەری ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەکدا لە کۆماری ئیسلامی کراوە.

بەپێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لانیکەم ٥ رۆژنامەنووسی ناسراوی کورد لە زیندانەکانی ورمێ، مەریوان، مەهاباد و تاراندا راگیراون.

محەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرپەرەستی\" پیام مردم\"، مەسعوود و خوسرەو کوردپوور لە ئاژانسی موکریان، کاوان محەممەدپوور لە حەفتەنامەی سیروان و عەدنان حەسەن پوور لە حەفتەنامەی ئاسۆ لەو رۆژنامەنووسە دەستبەسەرکراوانەن.