دانیشتوانی ئەهواز ڕژانە سەر شەقام

15:04 - 26 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی قەیرانی خۆڵبارین لە پارێزگای ئەهواز، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد و نوێنەرانی پێشووی ئەو پارێزگایە لە مەجلیس، داوایان کرد کە وەزیری وزه لە سەر کار لابرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هەزاران کەس لە دانیشتوانی پارێزگای ئەهواز دژی سیاسەتەکانی حکوومەت ناڕەزایەتییان دەربڕی.

خۆپیشاندەران دروشمی دژی حکوومەتیان داوە و داوایان کردووە که بەرپرسانی حکوومەت لەو پارێزگایە دەست لە کار بکێشنەوە.

هەروەها خۆپیشاندەران باسیان لەوە کردووە کە؛ حکوومەتی ئێران مافی هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە پێشێل و هەڵاواردن دەکات.

سەرەتای ئەم حەوتوویه به هۆی بارینی تۆزوخۆڵی زۆر و شێداربوونی کەش و هەوای ئەو پارێزگایە، ژمارەیەک لە وێستگەکانی وزه لە کار کەوتوون و لە زۆربەی شارە گەورەکاندا کارەبا پچڕاوە.

نوێنەری ئابادان لە مەجلیس ڕایگەیاندووە کە؛ دۆخی شپرزەی پارێزگای ئەهواز لە لایەکەوە بۆ بارینی تۆز و خۆڵ و لە لایەکی دیکەوە بۆ سەرنیانەکردنەوەی دامەزراوەکانی ئەو پارێزگایە دەگەڕێتەوە.

بەرپرسانی حکوومەتی لەو پارێزگایه باس لەوە دەکەن کە؛ بە هۆی پیس‌بوونی کەش و هەوای ئەو پارێزگایه ڕۆژانه ٢٠ هەزار کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن که دەفرایەتی ئەو ڕێژه نەخۆشەیان نیه.

کێشەی تۆزوخۆڵ لەو پارێزگایە هەنووکە هەڕەشەیەکە بۆ سەر تەناهیی نەتەوەیی ئەو حکومەتە.

هەواڵدەرییە حکوومەتییەکان پێشتر بڵاویان کردبووەوە کە؛ تاڵاوی هورۆلعەزیم لە پارێزگای خوزستان وشک بووە و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەیکە بارینی تۆز و خۆڵ لەو پارێزگایە زیاتر بێت و کێشە بۆ دانیشتوانی دروست بکات.

تاڵاوی هورۆلعەزیم یەکێک لە گرینگترین ژینگەکانی باڵندەکانی ناوچەکەیە و هەروەها ڕۆڵێکی بنەڕەتیی لە سەر بژیوی ژیانی هاووڵاتییان هەبووە.

بەشێک لە کێشەی تۆزوخۆڵ بۆ ووشکبوونی زونگاوەکانی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە که بەرپرسانی حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانەی ژینگە هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوەتەوە و هەروەها جیا لە قەیرانی تاڵاوەکان، ئێران لە باری وشکیی گۆلەکانەوە لە دۆخێکی نالەبار دایە.