دانانی کامێرا و نیگەرانی هاووڵاتییانی مەریوانی

16:48 - 29 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: دانانی کامێرای چاودێری لە شوێنە گشتییەکانی شاری مەریوان، هاووڵاتییانی ئەو شارەی لە ئامانجی حکوومەت لەو هەوڵە ئەمنیەتییانە نیگەران کردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پۆلیسی هاتوچۆی شاری مەریوان دانانی کامێرای لە شوێنە گشتییەکانی دەست پێکردووە و ئێستا دوو شوێنی سەرەکیی ئەو شارە بە تەواوەتی لە کۆنترۆڵی پۆلیس دان.

دەوترێت هەتا دوو ساڵی دیکە سەرجەم چوارڕێیان و شەقامە سەرەکییەکانی شاری مەریوان دەکەونە ژێر کۆنترۆڵی\" مەرکەزی مانیتورینگ\"ـەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی مەریوان سەبارەت بە جێبەجی کردنی گەڵاڵەی لەو چەشنە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، مەریوان شارێکی بچووکە و لە زۆر کێشەی وەکوو قەرەباڵغی و ترافیکی شەقامەکان بە دوورە و گومانی ئەوە دەکرێت کە دانانی ئەو کامێرانە ئامانجی دیکەی لە پشت بێت.

هاووڵاتییەکی دیکەش ئامانج لە دانانی کامێراکانی بە سیاسی و ئەمنیەتی لە قەڵەم داوە و باسی لەوەش کردووە، بێ شک مەبەستی پۆلیس دروست کردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو چالاکانی مەدەنی دایە و هەتا لەو رێگەیەوە بتوانێ پێش بە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان بگرێت.

لەو بارەوە کەریم حەسەن وەند بەرپرسی پۆلیسی هاتوچۆی مەریوان بە ماڵپەڕە ناوچەیی‌یەکانی وتووە، ئەو کۆمەڵە کامیرایە ٢٤ کاتژمێر چالاکان و ڤیدیۆ تۆمارکراوەکان بۆ ماوەی شەش مانگ دەمێنەوە.

شاری مەریوان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەکوو ناوەندی چالاکییە مەدەنییەکانی ئوستانی کوردستان لە قەڵەم دراوە و ئەنجومەنە ناحکومییەکان پێشینەیەکی ٢٥ ساڵەیان هەیە.

پێشتریش لە شاری پاوە کامێرا دانرابوو کە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی لە کوردپا، شارەوانی شارەکە کامێراکانی کۆ کردەوە.