دامەزرانی وەزارەتی هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە سەرسووڕمانی نیە

15:09 - 24 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە مەرجەعە تەقلیدەکانی نزیک لە دەسەڵاتی حکوومەتی ئیسلامی، ڕەخنەی لە بەڕێوەنەچوونی یاسای هاندان بۆ چاکە لەلایەن دەوڵەتی ڕووحانی گرت.

بە پێی هەواڵەکانی ناوخۆی ئێران، ئایەتوڵڵا مەکارێمی شیرازی لە وتارێکدا، دەوڵەتی بە کەمترخەم لە بەڕێوەچوونی یاسای \" پاڵپشتی لە هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە\" (امر بە معروف و نهی از منکر) تۆمەتبار کرد.

\"29782.jpg\"
ناسر مەکارێمی شیرازی
ئەو ئاخووندە شیعەیە کە لە کۆبوونەوەی فەقێکانی قۆم قسەی کردووە، گوتوویەتی: دەبێ گەشتی هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە لە کۆمەڵگادا پێک بێت، ئەگەر وەزارەتێکیشی هەبێ ئەوا جێی سەرسووڕمان نیە.

ناوبراو لەدوای نووری هەمەدانی، دووهەمین مەرجەعی تەقلیدی شیعەیە کە بوونی وەزارتخانەی هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە بە پێویست دەزانێت.

ناسر مەکارم شیراز لە درێژەدا، هاندان بۆ چاکەی بە \"مافی هەمووان\" لەقەڵم دا و گوتی: لە قوناغی یەکەم بە ڕێز و لەسەرخۆ هاندان بۆ چاکە بەڕێوە بچێ و ئەگەر وڵامدەر نەبێ ئەوا لە قوناغی دووهەمدا دەبێ هەڵسووکەوتی توند و تیژ بکرێت و لەئەگەری پێکداداندا، یاسا چارەسەری دەکات.

ئەو یاسایە سەرەڕای پەسند و قەبووڵ کردنی لەلایەن مەجلیسی ئیسلامی و شووڕای نیگابان لەلایەن دەوڵەتی ڕووحانی، ڕاگیراوە.

دژایەتی ناسر شیرازی گرینگی خۆی هەیە چوونکە ناوبراو یەکێک لە ئاخووندەکانی نزیک لە عەلی خامنەیی دێتەهەژمار.

ئەو ئاخووندە ٨٩ ساڵە، پێشتریش دژایەتی خۆی لەگەڵ بەشداریی ژنان لە یاریگاکان، وتووێژ لەگەڵ ڕاگەینە دەرەکییەکان و تێکەڵ بوونی کچان و کوڕان لە زانستگاکان دەربڕی بوو.

بابەتی هاندان بۆ چاکە و دووری لە خراپە زۆرترین پێوەندی لەگەڵ ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکان هەیە و دژبەرانی ئەو یاسا و ڕێسایە، جێبەجێ بوونی وەک هەڕەشەیەک بۆ \"تەناهی کۆمەڵایەتی\" لێک دەدەنەوە.