داسەپاندنی حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی زیندانییەک لە زیندانی ورمێ

16:49 - 15 رەزبەر 2720

لقی دووی دادگای کەیفەریی ورمێ، حوکمی قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە سەر زیندانییەکدا، بە ناوی "ئارش عەلی ئەکبەری" کوڕی ئیسلام، داسەپاند.

ڕێکەوتی ١٩ی گەلاوێژی ئەمساڵ، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی دۆسییەی ئەو زیندانییە بەڕێوەچوو و دادگا ناوبراوی بە تۆمەتی "١٦ حاڵەتی دزیکردنی حەددی" بە قرتاندنی چوار قامکی دەستی ڕاستی بە شێوەیەک کە پەنجە گەورەکەی و بەری دەستی بمێننەوە، مەحکووم کردووە.

ئەو زیندانییە پاش دەسبەسەرکردنی ڕادەستی دادسەرا کراوە و لێکۆڵینەوەی دۆسیەکەی لە لقی ٢ی لێپرسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ورمێ ئەنجام دراوە.

دۆسیەی ئەو زیندانییە بۆ دوایین بڕیار ڕەوانەی دیوانی باڵای وڵات کراوەتەوە.

ئارش عەلی ئەکبەری خەڵکی شاری ورمێیە و لەدایکبووی ٢٥ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوییە.