دارستانەکانی ناوچەی سەوڵاوا ئاگریان تێ‌بەردرا

16:17 - 8 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بەشێک لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی سەوڵاوا لە ئاگردا سووتان.


بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی جۆزەردان، بەشێک لە دارستانەکانی کێوی \"کاڵیسەر\" لە ناوچەی ژاوەرۆی سەوڵاوا ئاگریان تێ‌بەردرا.

ئەو ئاگرکەوتنەوە لە پشتی گوندی \"بۆڕیەر\" ڕوویداوە و بەشێک لە دارستان و گیاجاڕی ئەو کێوە لە ئاگردا سووتان.

هەروەها لە هەمان ڕۆژدا، ئاگر لە دارستان و پووش و پاوەنی گوندی \"ڕەزاو\" لە چیای کۆساڵان بەردرا و بەشێک لەو دارستانە بووە خۆڵەمێش.

پێشتریش لە حەوتووی ڕابردوودا، دارستانەکانی کەبیرکێوی سەر بە پارێزگای ئیلام دووجار تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و زیاتر لە ٣٠ هێکتار دارستان و لەوەڕگەی ئەو ناوچەیە سووتان.

ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لەو پەیوەندیەیدا بڵاوی کردەوە کە، لە یەک دەیەی ڕابردوودا، دارستانەکانی زاگرۆس بە بەردەوامی لەگەڵ دیاردەی ئاگرکەوتنەوە بەرەوڕوو بۆتەوە.

ئەو ئەنجومەنە ژینگەپارێزە لە درێژەدا دەڵێت: لە تەواوی ئەو ساڵانەدا بەرپرسانی حکوومەتی بە جێگەی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک بۆ کونتڕۆڵ کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانە، زۆربەی کاتەکان ئەو کارەساتەیان ئینکار کردووە و ڕیژە و ژمارەی ئەو ئاگرکەوتنەوانەیان بە دروستی ڕانەگەیاندووە.

لە درێژەی ئەو بەیاننەمەیەدا هاتووە، ئەنجومەنە ژینگە پارێزەکان بەپێی تێگەیشتن لەو راستییە و هەست کردن بە بەرپرسایەتی جیددیتر نیسبەت بە بەرپرسانی حکوومەتی، سەرەڕای کەمی ئیمکانات، بە ئیرادەیەکی پۆلایین، بۆ لە نێونەچوونی دارستانەکان و پاراستنیان بەربەرەکانێیان لەگەڵ ئەو کارەساتەدا کردووە.