دارستانەکانی مەلەکشاهی لە ئاگردا سووتان

20:40 - 27 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە دووهەمین ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان، بەشێکی بەرچاو لە دارستانەکانی داربەڕووی شارستانی مەلەکشاهی لە ئاگردا سووتان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٦ی بانەمەڕ، یەک و نیم هێکتار دارستانەکانی مەلەکشاهی سووتان.

دەوترێ زۆربەی ئەو دارانە کە لەو ئاگرکەوتنەوەدا سووتاون، داربەڕوو بوون.

ئەو ئاگرکەوتنەوە پاش چەند کاتژمیر بە هەوڵ و تێکۆشانی هاووڵاتییانی ئەو ناچەیە و چالاکانی ژینگە کۆنترۆڵ کرا.

شارستانی مەلەکشاهی خاوەن ١٠٣ هەزار و ٢٦٠ هێکتار لێڕەوار و رووبەری دارستانە سروشتییەکانی ئەو شارستانە ١٠١ هەزار و ٩٧٠ هێکتار و هەروەها رووبەری دارستانە دەستکردەکانیش ٥٦٠ هێکتارە.

یەکەمین ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کوردستان، رێکەوتی ١٢ خاکەلێوە لە دەوروبەری شاری ئیلام هاتە ئاراوە.

شارستانی مەلەکشاهی هەڵکەوتوو رۆژهەڵاتی ئیلام، خاوەن ١١٤ هێکتار دارستان و ٧١ هەزار هێکتار لێڕەواوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بە گشتی ٢٣٥ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران هاتووەتە ئاراوە کە ١٧٤ حاڵەتی لە ئوستانی کوردستان، ٣٧ حاڵەت لە کرماشان، ١٧ حاڵەت لە ئازەربایجانی رۆژئاوا و ٧ حاڵەتیش لە ئوستانی ئیلام رووی داوە.