دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لە سێ شوێنەوە لە ئاگردا سووتان

15:52 - 29 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ئاگرکەتنەوەکان لە دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان، یەکەمین حاڵەتی سووتانی دارستانەکان لە شاری مەریوان رووی دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە رۆژەکانی ٢٨ و ٢٩ی بانەمەڕدا، لێڕەوارەکانی دەوروبەری ئاوایی شارانی، پیلە، سەردۆش و دوویسەی سەربە شارستانی مەریوان لە ئاگردا سووتان.

دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە سووتانی دارستانەکان لەم وەرزەدا، تووشی سەر سووڕمان بوون.

کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ قەیران و ئاگرکەوتنەوەکانی ئەنجومەنی سەوزی چیا باسی لەوە کردووە، ئەو ئاگرکەوتنەوانە دەتوانێ زەنگێکی مەترسیدار بۆ لێڕەوارەکانی مەریوان و سەوڵاوا لە ساڵی ٩٤دا بێت، چونکە هەتا ئێستاش خەسارە قەرەبوونەکراوەکانی ساڵی ٨٩ بە سیما و سروشتی ئەو شارەوە دیارە.

لەلایەکی دیکەوە دوانیوەڕۆی رۆژی رابردوو چوار هێکتار لە لەوەڕگەکانی ناوچەی پارێزراوی مانشت و قەڵاڕەنگ لە بەرزایی‌یەکانی \"هانیوان\"ی ئیلام بوون بە خۆڵەمێش.

لەو ئاگرکەوتنەوەیەدا هیچ خەسارێک بە دارەکان نەگەیشتووە و بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی ئیلام پێشبینی ئەوەی کردووە کە کەمترخەمی شاخەوانان بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەکە.

هەر لە درێژەی قوربانی بوونی سروشتی کوردستان، چیای \"بەمۆ\" هەڵکەوتوو لە نێوان عێراق و ئێران ئاگری گرتووە و ئەگەری ئەوەش هەیە ئاگرەکە پەرەبستێنێ.

ئەو ئاگر کەتنەوەیە رۆژی رابردوو لە چیای بەمۆ و لە نزیک شاری سەلاسی باوەجانی رووی داوە.

بە دەسپێکردنی وەرزی گەرما و ویشک بوونی لەوەڕگەکان ئاگرکەوتنەوەکان لە دارستان و سروشتی کوردستاندا دەست پێدەکات و ناوەندە پێوەندیدارەکانیش هەوڵێکی ئەوتۆ بۆ کۆنترۆڵی ئاگرکەوتنەوەکان نادەن.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵی ١٣٩٣دا، سەرجەم ٢٣٥ حاڵەتی ئاگرکەتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان روی داوە کەلە کۆی گشتی یئەو رێژەیە ١٧٤ حاڵەتی لە ئوستانی کوردستان، ٣٧ حاڵەت کرماشان، ١٧ حاڵەت ورمێ و ٧ حاڵەتیش لە ئوستانی ئیلام روویان داوە.

\"26618.jpg\"

\"26619.jpg\"