دادگەی شنۆ ٧ هاووڵاتیی کوردی بە ٧٠ ساڵ زیندانی مەحکووم کرد

14:29 - 22 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: دادگەی شاری شنۆ حوکمی زیاتر لە ٧٠ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ ٧ هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ بڕییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەردار، جوبرەییل، فەرماندە، فەخرەدین و فەیسەڵ عەلی گرگاگول و ئیدریس دونیاپەرست و خەڵکی گوندی مەلا عیسای سەربە شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگەی ئینقلابی ئەو شارەوە هەرکام بە ١١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.

هاوکات خێزانی فەیسڵ عەلی گرگاگول بەناوی \"وەجیهە (فەوزیە)\"، لەلایەن دەزگای قەزایی شاری شنۆوە، حوکمی ١ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری بۆ بڕاوەتەوە.

یەکێک لە دانیشتوانی گوندی مەلا عیسا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، دەزگای قەزایی ئەو حەوت هاووڵاتییە کوردەی بە \"لێدان و هێرشبردن بۆ سەر مەئموورانی هێزی ئینتزامی\" تۆمەتبار کردووە.

باسی لەوەش کرد، ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە، کە ١٠ رۆژ پێش ئێستا دادگەیی کراون، لەلایەن دادوەریشەوە بەناوی یاسر عەلی‌پوور، بێڕێزیان پێکراوەو بە کافر لە قەڵەمی داون.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەروو، دادوەر هەرەشەی لەو حەوت کەسەی کردووە، کە ئەگەر لە دادگای پێداچوونەوەدا داوای پێداچوونەوە بە حوکمەکانتاندا بکەن، حوکمی زیندانییەکەتان زیاتر دەبێ و لەگەڵ ئەوەشدا یان بچن زیندانییەکەتان بکێشن، یان وڵات بەجێ بێڵن.

بە گوتەی سەرچاوەکە، لەماوەی رابردوودا هێزی ئینتزامی پاسگای کانی سپی بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی کەسێکی خەڵکی گوندی مەلا عیسا هاتنە گوندەکەو دەستیان بە پشکنینی ماڵەکان کرد و گازی فرمێسکڕێژیشیان بەکار هێنا.

دەشڵێت؛ بڕیاری و هەرەشەی دادوەر لە کاتێکدایە، کە مەئموورانی هێزی ئینتزامی هێرشیان کردۆتە سەر خەڵک و گازی فرمێسکرێژیشیان بەکارهێناوە و تەنانەت ژنێکی دووگیان کە لەسەربانی خۆیان بوو، بەهۆی ئەو گازی فرمێسک ڕێژەوە کەوتە خوارەوە.

ئارام.ح