دادگایی کردنی چالاکێکی سیاسیی کورد بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەر دواخرا

22:45 - 25 جۆزەردان 2715
ئاژانسی کوردپا: رۆژی شەممە ٢٣ی جۆزەردان، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران چالاکێکی کوردی خەڵکی شاری ئیلامی بە ناوی مووسا ئومیدی بانگهێشتی دادگا کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لە نزیکانی ئەو چالاکە سیاسییە وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: مووسا بە هۆی \"پشتیوانی کردن لە خەڵکی کۆبانێ\" لە پارکی منداڵانی شاری ئیلام بانگهێشتی دادگای ئەو شارە کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەو پیوەندییەدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: دادوەری دادگا لە رۆژی دیاریکراو بۆ دادگایی‌کردنی ئەو چالاکە سیاسییە لە دادگا ئامادە نەبووە و بۆیە دانیشتنی دادگا بۆ کاتێکیتر دواخراوە.

\"26988.jpg\"
مووسا بە هۆی \"پشتیوانی کردن لە خەڵکی کۆبانێ\" لە پارکی منداڵانی شاری ئیلام بانگهێشتی دادگا کرا
بەهۆی ئامادەنەبوونی دادوەر لە دادگا، مووسا ئومیدی چاوەڕیی بانگهێشتی نوێی دادگا دەکات.

ئەو سەرچاویە لە درێژەدا رایگەیاند: دۆسیەی مووسا ئومیدی قۆناخی دادڕەسیی تێپەراندووە و روەانەی دادگا کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە، دۆسیەی ئەو چالاکە سیاسییە کوردە ئاکام و ناوەڕۆکی بانگهێشت‌کرانە یەک لە دوای یەکەکانی مووسا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەخۆ دەگرێت.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییدا ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەو ماوەیەدا مووسا بە هۆی گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە کەوتووەتە ژێر چاوەدێری و چالاکییەکانی سنووردار کراون.

ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە لە ماوەی ساڵێکدا، مووسا ئەمیدی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلام چەندین جار بانگهێشتی دادگا کراوە و هەروەها لەو ماوەیەدا لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە لێکۆلینەوەی لێکراوە.

پێشتریش دۆسیەی مووسا ئومیدی، پاش بانگهێشت لەلایەن پولیسی گشتیی هێزە ئینتیزامییەکانەوە، بۆ لقی دووی دادیاریی ئیلام بەڕێ و بەدانانی بارمەتە ئازاد کرابوو.

ئەو ئەندامەی شۆرای رێبەریی بەرەی یەگرتووی کورد پێشتر لە وتووێژێکدا بە ئاژانسی کوردپای وتبوو: بەشداری کردن لە کۆبوونەوە‌ی پپشتیوانی لە خەڵکی کۆبانێ و وتووێژ لەگەڵ راگەیەنەکان و چالاکی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە مەڕ پرسی نەتەوەیی، هۆکارەکانی بانگهێشت کردنەکەی من بۆ دادگایە.

بە وتەی ئەو چالاکە سیاسییە کورده بابەتە بڵاوکراوەکانی لە فیسبووک بە تەواوەتی، لەلایەن مەئمورانی پولیسی ئەمنییەتی گشتیی هێزی ئینتیزامییەوە کۆپی کرابوون و ناوبراویان بە \"تەجزیە تەڵەبی\" تومەتبار کردووە.