دادگایی کردن و حوکمی زیندانی بۆ چەند زیندانیی کورد لەرەجایی شاری کەرەج

17:23 - 9 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: چەندین کەس زیندانیانی کوردی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لەلایەن دادگای ئیقلابی تارانەوە و بەسەرۆکایەتی قازی موقەیسەوە دادگایی و بە زیندان مەحکووم کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی پووشپەڕ زیندانییەکی کورد لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج بەناوی \"فوئاد رەزایی\" کە پێشتر بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، سەرلە نوێ حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی دیکەی بۆ بڕایەوەو حوکمەکەی بۆ ١٣ ساڵ زیندانی زیاد کرا.

هەروەها \"بەرزان عەبدوڵڵاهی\" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی شاری سنە کە ساڵی ١٣٨٩ دەستبەسەر کرابوو، سەرئەنجام رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەر پاش ٣ ساڵ لە دەستبەسەری، لەلایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە دادگایی کرا.

ئەو زیندانییە کوردە لەکاتێکدا تەمەنی ١٨ ساڵ بوو، کەلە کاتی دەستبەسەر کرانیدا لەلایەن مەئموورانی ئەمنیەتیی شاری سنەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و دواتر ماوەی ١٩ مانگ بە برینداری لە ژووری تاکەکەسیی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا دەستبەسەر بووە.

هەروەها یەکێک لە زیندانیانی رەجایی شاری کەرەج بە هەواڵنێـری کوردپای راگەیاند، رۆژی دووشەممە ٣١ی پووشپەڕ ٤ زیندانیی دیکە بەناوەکانی \"جەبار حەسەنی ١٠ ساڵ، جەمال قادری ٨ ساڵ، سیروس حەمیدی ٢٠ ساڵ و بورهان ئەصغریان ٥ ساڵ\" زیندانیی تەعزیرییان بۆ بڕایەوە.

پهەروەها چەند رۆژه پێش ئێستا ٥٥ کەسی دیکە لە زیندانیانی کوردی سوننی مەزهەب لە زیندای رەجایی شاری کەرەج بە ٣٨٠ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوون.