دادگای ئینقلابی مەهاباد لاوێکی بۆکانی بە زیندان مەحکووم کرد

15:16 - 7 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان، کە پێشتر دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شاهۆ بایزیدی تەمەن ٢٥ ساڵ، کوری ئەبووبەکر و خەڵکی شاری بۆکان هاوڕێ لەگەڵ خوشکە خوێندکارەکەی دەستبەسەر و بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو، رۆژی شەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان، لەلایەن دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە ٦ مانگ زیندانیی هەڵپەسێردراو و بۆ ماوەی ٢ ساڵ، مەحکووم کرا.

شاهۆ بایزیدی کە رێکەوتی ٢٥ خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٢ هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی بەناوی ئەفسانە بایزیدی، لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی چالاکیی تەبلیغی بۆ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان ئەو حوکمەی بۆ بڕاوەتەوە.

پێشتریش ئەفسانە بایزیدی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە، بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ٢ ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بۆ بڕابوویەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان، بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لە کاتێکدا ئەفسانە بایزیدی لەلایەن حەراسەتی زانکۆی پەیام‌نووری بۆکانەوە ئاگادار کرابوویەوە، کە هەتا رەوتی پەروەندەکەت روون نەبێتەوە مافی هاتنە زانکۆت نییە، بەڵام هەتا ئێستاش بەرپرسانی حەراست و زانکۆی پەیام‌نوور لە وڵامدانەوەو ئیزنی هاتنەوەی ئەو کچە خوێندکارە بۆ زانکۆ، خۆ دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیە روونیشی کرەوە، ئەفسانە بە مەبەستی چوونەوە بۆ زانکۆ سەردانی بەشی کاروباری خوێندکاریی وەزارەتی زانستی کردووەو ماوەی یەک حەفتەیە لە تاران دەستی دەستی پێ دەکرێت.