دادگای ئینقلابی سەقز دوو ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەر هاووڵاتییەکی کورددا سەپاند

16:46 - 23 سەرماوەز 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "عیرفان مۆرتەزایی" کوڕی "عیزەتوڵڵا"، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەقز لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتی قازی "جەواد مستەفایی" بە دوو ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگا ئەم هاووڵاتییە کوردەی بە "ئەندامیەتی لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و دەرچوونی ئەم حوکمە بۆ ئەم هاووڵاتییە بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی ئیدارە ئیتلاعاتی سەقز بووە.

ئەو حوکمە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەز بەو هاووڵاتییە کوردە ڕاگەیەندراوە.

ئەم هاووڵاتییە سەقزییە ٢١ی خەزەڵوەر بەبێ نیشاندانی بەڵگەیی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش ٤ ڕۆژ دەسبەسەری بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

"عیرفان مۆرتەزایی" پێشتر ئەندامی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بووە و ڕەشەمەی ساڵی ٩٨ پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ماوی ٤ ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزدا دەسبەسەر بووە.

ئەم هاووڵاتییە مانگی جۆزەردان دووبارە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش چوار مانگ دەسبەسەری بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.