دادگای ئیقلابی شاری مەریوان خانووی باوکی رۆژنامەنووسێکی کوردی تاپۆ کرد

13:58 - 11 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: پاش نزیک بە ٦ ساڵ، بە بڕیاری دادگای شاری مەریوان ماڵی باوکی رۆژنامەنووسێکی کورد داگیر کرا.

بەپێی راپۆتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری مەریوان بە دادوەریی کەسێک بەناوی \"سوڵتانبەخش\"، ماڵی شەخسیی باوکی \"شۆڕش گوڵکار\"، رۆژنامەنووسی خەڵکی شاری سنەی تاپۆ کرد.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو خانووە بە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن بە مەبەستی ئازادیی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە کە بە تاوانی کاری سیاسی لە زیندان بوو، لەلایەن دادگای ئینقلابەوە لە بنەماڵەی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە بە بارمتە گیرابوو.

\"12377.jpg\"
پێشتریش شۆڕش گوڵکار هەر لەو پەیوەندییەدا و لە دۆسیەیەکی هاوشێوەدا لە ساڵی ١٣٨٥دا دەستبەسەر و پاش چەند رۆژ ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوە لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە و چەندین مانگ لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری سنەدا مایەوە.

شۆرش گوڵکار پاش ئازاد کران لە زیندان بەهۆی فشاری ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و بڕیاری کۆتایی دادگای ئینقلاب، بە ناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

دادگای ئینقلابی شاری مەریوان پاش دەرکردنی حوکمی ٣ مانگ و ١ رۆژ زیندانی تەعزیری بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە و بەبێ ئامادە بوونی خۆی لە دادگا، دادگای ئەو شارە بڕیاری تاپۆ کردنی ماڵی باوکی ئەو رۆژنامەنووسە کوردەی دەر کرد.

ئەم هەوڵوێستە و بڕیارەی دادگای ئینقلاب لە کاتێک دایە ئەو ماڵە چەنین سەر خێزانی لێ نیشتەجێن.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هەوڵەکانی بنەماڵەی ئەو رۆژنامەنووسە کوردە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دادگا، بێ ئاکام ماوەنەتەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و پاش وڵات بەجێهێشتنی ئەو رۆژنامە نووسە کوردە، بنەماڵەکەی چەندین جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەو بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لێکراوە.