دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران حوکمی ڕاگواستنی موژگان کاووسیی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز دەر کرد

11:32 - 10 گەلاوێژ 2721

لقی ٢٨ی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران، حوکمی ڕاگواستنی موژگان کاووسی، نووسەر و لێکۆڵەری کوردی بۆ یەکێک لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز و نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی ناوبراو دەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە دادنامەی دادگای پێداچوونەوەدا ئاماژە بە زیندانێکی تایبەت نەکراوە و دادگا، نزیکترین زیندان بە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەو نووسەرەی لە پارێزگای ئەلبۆرزی بۆ درێژەدان بە ماوەی زیندانییەکەی دیاری کردووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاگادارە هەروەها وتوویەتی: "موژگان کاووسی پاش کۆتایی مەرەخەسییەکەی خۆی بە زیندانی ئێڤین دەناسێنێت و پاشان بۆ زیندانی دیاریکراو ڕادەگوێزرێت".

ئەو سەرچاوەیە زیادی کردووە: "دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران بەپێی داواکاریی لقی ئیجرای ئەحکامی نەوشەهر ئەو بڕیارەی داوە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو حوکمەی دادگای پێداچوونەوەی مازەندەران و دادوەری ئیجرای ئەحکامی نەوشەهر بۆ دیاریکردنی زیندان بۆ درێژەدان بە ماوەی زیندانی بۆ ناوبراو، بەپێی داواکاریی ئەو نووسەرە نەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی پووشپەڕ، ئەو نووسەرە بەندکراوە لە بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین، پاش تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتە مەرەخەسی و مەرەخەسیی ناوبراو بۆ یەک حەوتووی دیکە درێژ کرایەوە.

ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕ، موژگان کاووسی بەپێی داواکاریی خۆی لەمەڕ ڕاگواستن (بەلەبەرچاوگرتنی ئەگەری نیشتەجێبوون هەم لە تاران و هەم لە نەوشەهر) لە زیندانی ئێڤین بۆ نەوشەهر ڕاگوێزرا. پاش تێپەڕاندنی شەو لە گرتنگەی ناجای نەوشەهر، بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی پووشپەڕ ناوبراو ڕەوانەی دادگای نەوشەهر کرا تاکوو بە بڕیاری بەرپرسانی قەزایی ئەو شارستانە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگوازرێت بەڵام بەهۆی هاوئاهەنگی‌نەکردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لەگەڵ بەرپرسانی قەزایی نەوشەهر لەمەڕ ڕاگواستنی موژگان کاووسی بۆ زیندانی نەوشەهر، بەبێ هیچ هەوڵێک بۆ زیندانی ئێڤین گەڕیندراوەتەوە.

موژگان کاووسی، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بانەمەڕ، لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەنیسبەت هەڵسوکەوتی نادادپەروەرانە و هەڵاواردنی بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە دانی مەرەخەسی بە زیندانییان لە پەیکی چوارەمی کۆرۆنا، دەستی دابووە مانگرتنی سنووردار.

پێشتر، شۆرای ئینزباتیی زیندانی ئێڤین ئەو نووسەرە کوردەی پاش مانگرتنی لە خواردن لەمەڕ دژایەتی لەگەڵ مەرەخەسییەکەی، لە مافی مەرەخەسی بێبەری کردبوو.

 ئەو نووسەرەی خەڵکی کەلاردەشتی مازەندەران، ڕۆژی سێشەممە ١١ی خەرمانانی ٩٩، بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانی وەکوو مەرەخەسی و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە نیشانەی ناڕەزایەتی مانی لە خواردن گرتبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ٢ی ڕەزبەری ٩٩، موژگان کاووسی نووسەر و لێکۆڵەری کوردی یارسانی لە گرتووخانەی ئێڤین، پاش ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانەی "تاڵقانیـ"ـی تاران بۆ پشکنینی پزیشکی لە سەر داوای دوکتورەکان، کۆتایی بە مانگرتنەکەی خۆی هێنا.

ئەو نووسەرە کوردە پاش تێپەڕاندنی ١ مانگ زیندانیی کەیفەری لە زیندانی نەوشەهر، بۆ درێژەی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانی زیندانی ئێڤین کرا.

ڕۆژی سێشەممە ٣٠ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" کە به ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندان مەحکووم کرابوو، بەپێی حوکمی "تەجمیع"، ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت و بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی دەسبەسەر کرا

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕی ٩٩، "موژگان کاووسی" لە گرتە ڤیدیۆیەکدا باسی لە حوکمی دەسبەسەرکرانی بە جێگای بانگهێشتنامە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانیبوونەکەی کرد.

حوکمی ٦٩ مانگ زیندانیی ئەو نووسەرە کوردە لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای مازەندەران بۆ ٧٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ زیندانی زیادی کرد کە بەپێی یاسای تەجمیع ٣٦ مانگی ئەو حوکمە جێبەجێ دەکرێت.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر بەبێ هیچ بانگهێشتنامە و ئاگادارییەک حوکمی "ممنوع‌الخروجـیـ"ـی بەسەر ئەو چالاکە کوردە یارسانییە سەپاندبوو.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی سەرماوەزی ٩٨، ئەو نووسەر و چالاکە کوردە ڕەوانەی دادگای ئینقلابی نەوشەهر کرا و دادگا ناوبراوی بە ٦٩ مانگ زیندان مەحکووم کرد و پاش سەپاندنی حوکمی دادگا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادگای ئینقلابی شاری نەوشەهر ئەو نووسەرە کوردەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٣٣ مانگ زیندان، "هاندانی خەڵک بۆ تێکدانی نەزمی گشتی" بە ٣٠ مانگ زیندان و "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ٦ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی خەزەڵوەری ٩٨، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو نووسەرە کوردە و بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی ٩٨، ئەو چالاکە کوردە بە بڕیاری دەسبەسەریی کاتی بۆ زیندانی نەوشەهر ڕاگویزرابوو.