دادگای پێداچوونەوە حوکمی زیندانیی چالاکێکی سنەیی بە فەرمی ڕاگەیاند

15:28 - 12 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە حوکمی یەکساڵ زیندانی بۆ چالاکێکی فەرهەنگی خەڵکی ئەو شارە پشتڕاست کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شۆڕش تەهماسبی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سنە کە بە یەکساڵ زیندان حوکم درا بوو، دەبێ بۆ ماوەی تێپەڕکردنی حوکمەکەی، خۆی بەبەشی بەڕێوەبەریی زیندانی ناوەندیی شاری سنە بناسێنێت.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە بە تۆمەتی\"هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی\" لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و دواتر دادگای ئینقلابی ئەو شارە حوکمی یەک ساڵ زیندانی هەر بەو تاوانە بۆ ناوبراو بڕیەوە.

ڕۆژی ڕابردوو، حوکمی زیندانی ئەو هاووڵاتییە سنەییە بە شێوەی فەرمی لە دادگای پێداچوونەوە پشتڕاست کرایەوە.

دەوترێ؛ شۆڕش تەهماسبی هەتا ئێستا چەندین جار بە تۆمەتی جۆراوجۆر لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات دەستبەسەر و لە گرتووخانەی ئەو ئیدارەیە ئەشکنجە دراوە.

ئەو چالاکە فەرهەنگییە لە بوارەکانی فەرهەنگی، ژینگەپارێزی و داکۆکی لە مافی منداڵان و ژنان لە شاری سنە چالاکی هەبووە.