دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ حوکمی سێ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بەسەر مامۆستا ڕەسووڵ حەمزەپوور سەپاند

11:37 - 2 خاکەلێوه 2721

مامۆستا "ڕەسووڵ حەمزەپوور"، خەڵکی گوندی "خراپە"ی پیرانشار و پێشنوێژی هەینیی گوندی "ئەندێزێـ"ـی بەخشی لاجانی پیرانشار، لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی ورمێ، ئەو مامۆستا ئایینییە کوردەی بە "پڕۆپاگەندە دژی نیزام، پڕۆپاگندە بۆ پرسە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و هەروەها چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان"، تۆمەتبار کردووە.

ئەو حوکمە کۆتاییەکانی مانگ ڕەشەمەی ٩٩، بە ئەو مامۆستا ئایینییە ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەزەڵوەری ٩٩، مامۆستا "ڕەسووڵ حەمزەپوور"، بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تەمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

ئەو مامۆستا کوردە، ڕۆژی یەکشەممە ٤ی خەزەڵوەری٩٩، پاش کۆتایی ماوەی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بۆ زیندانی ناوندیی ئەو شارە ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی ڕەزبەری ٩٩، ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە، لە سێڕێیانی پەسوێی پیرانشار، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و دواتر هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی.

ئەو مامۆستا ئاینییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، تەنیا جارێک پەیوەندییەکی کورتی تەلەفوونیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و هەروەها لە "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری کراوە.