دادوەرەکان هۆکاری مایە پووچی بانکەکانی ئێرانن

21:46 - 19 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتیكدا باس لە قەیراناوای بوونی نیزامی بانکەکانی ئێران دەکات و سەبارەت بە \"مەترسیی مایەپووچ بوونی بانکەکان هوشداری داوە.

ڕۆژی سێ شەممە ١٨ی جۆزەردان، ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ڕاپۆرتیكدا بڵاوی کردۆتەوە کە لە حەوت هەزار و ٣٣٣دامەزراوەی ماڵی لە ئێران، تەنیا هەزار دامەزراوە مۆڵەتییان هەیە و هۆکاری درێژەدان بە چالاکیی ئەو دامەزراوە ماڵییە ڕێگە پێ نەدراوانەی بە \"بەستراوەبوون\"یان بە هێندێک لە ناوەندە جۆراوجۆرەکان و وەڵام نەدانەوەیان بە بانکی ناوەندی داناوە.

ئەو ناوەندە لەو ڕاپۆرتەدا ڕایگەیاندووە، لە کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاویدا، بە نیسبەت سەرەتای دەستپێکی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، قەرزەکانی بەخشی دەوڵەتی بە نیزامی بانکی، ٤.٨بەرانبەر و قەرزی بەخشی نادەوڵەتی بە نیزامی بانکی، ٣.١ بەرانبەر بووە.

بەپێی دوایین ئاماری بڵاوکراوەی بانکی ناوەندی، دەوڵەت هەتا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، نزیکەی ١١٧ میلیارد تمەن بە بانکەکان و نزیکەی ٢٥ هەزار میلیارد تمەن بە بانکی ناوەندی قەرزدارە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسانی بانکەکان باس لە نزیکی ١٣٠ هەزار میلیارد تمەن پارەی دواکەوتووی بانکەکان دەکەن.

ڕۆژنامەی ئێعتماد پێش لەم ڕاپۆرتە ئاماژەی بە ئاماری بانکی ناوەندی کردبوو و نوسیبووی کە قەرزی دەوڵەت بە بانکەکان لە سێ میلیارد تمەن لە سەرەتای دەوڵەتی ئەحمەدی نێژاد بۆ ٧٢ میلیارد تمەن، بەرز بوونەوەی بە خۆیەوە بینیووە.

لەو پەیوەندییەدا هێندێک لە دامەزراوەکانی وەک \"میزان\" و \"ثامن الحجج\" زۆر جار بوونەتە سەرتیتری هەواڵەکان و ئەسپاردە دانەران(سپردە گذاران) چەند جار لە ناوەندە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەت کۆببوونەتەوە.

دامەزراوەی میزان لە بۆ لۆگۆی خۆی لە ئارمی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران کەڵکی وەرگرتووە، کە بە وتەی محەممەد دێهقان، ئەو دامەزراوەیە سەر بە هێندێک لە \"دادوەرەکان\" و هێندێک لە لقەکانی ئەو دامەزراوە لە نێو ئیدارەکانی دادگوستەرییە.

دامەزراوەی میزان بە یەک میلیون حیسابی بەکارهێنەر و زیاتر لە ٢٣٠٠میلیارد تمەن سەرمایە، لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی هەڵوەشێنرایەوە.