خەمساردیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پاراستنی دڵنیایی بەکارهێنەران

15:33 - 15 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: تێلگرام، فەیسبووک، گووگڵ و جیمەیل، بەپێی توێژینەوەکانی کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، لە تێکنۆلۆژی نوێ بە مەبەستی پاراستنی زانیاری و دڵنیایی بەکارهێنەرانیان کەڵکیان وەرنەگرتووە و لەو بوارەدا خەمسارد بوونە.

ئەوەش ڕێخۆشکەر بووە لە بواری هەک کردنی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا.

بەپێی هەواڵەکان، لەم مانگانەی دواییدا و بەتایبەت لە پاش هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی لە ئێران، شەپۆلێکی نوێ لە هەک کرانی تێلگرام، فەیسبووک و جیمەیلی ڕۆژنامەنووسان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی و تەنانەت هەندێ لە دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئارادا بووە.

کەمپەینی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤ، لە کۆمەڵە توێژینەوەیەکدا بۆی دەرکەوتووە کە کۆمپانیاکانی تێلگرام، فەیسبووک، گووگڵ و جیمەیل، لە تێکنۆلۆژی نوێ بە مەبەستی پاراستنی زانیاری و دڵنیایی بەکارهێنەرانیان کەڵکیان وەرنەگرتووە و لەو بوارەدا خەمسارد بوونە، هەربۆیەش بە شێوەی نەخوازراو و ناڕاستەوخۆ ڕێخۆشکەرییان لە بواری هەک کردنی ئەم تۆڕە کۆمەڵایەتییانەدا کردووە.

وێبسایتی فەرمیی ئەو کەمپەینە بڵاوی کردۆتەوە کە: \"ئەم کۆمپانیایانە بە ڕەچاو نەکردنی دۆخی سیاسیی وڵاتی ئێران، کە دامودەزگا حکوومەتییەکان بە کەڵکئاژۆ وەرگرتن لە ئیمکانی دەستپێڕاگەیشتنیان بە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لە ڕێی تێکنۆلۆژی نوێوە، زانیاریی شەخسیی بەکارهێنەران هەک دەکەن.\" و هەروەها لەڕێی چارەسەر نەکردنی کەموکووڕیی سیستمی دڵنیایی، بەشیوەی ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر دەبن بۆ هەک کردنی حیسابی بەکار هێنەرەکانیان.

بەم پێیە تەنانەت بە دوو قۆناغ کردنی ئەم حیسابانەش، واتە دانانی کۆد و وەرگرتنی کۆد لە ڕێی (ئێس ئێم ئێس)ەوە، بە هۆی ئەوەوە کە هەکێرەکانی ئێران، ئیمکانی دەستپێڕاگەیشتن بە سیستمی (ئێس ئێم ئێس)ی تەلەفۆنی شارۆمەندانی ئێرانیان هەیە، نابێتە هۆیی دڵنیایی و زۆر بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی (ئێس ئێم ئێس)ی بەکارهێنەران و لەو ڕێگایەشەوە چوونە نێو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان مسۆگەر دەبێت.

ئەو کەمپەینە ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە ئەو کەسانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیان هەک کراوە، کەسانێکی دیاری بازنەی چالاکیی سیاسی، مەدەنی و ڕۆژنامەوانی بوون.