خەبات مەفاخری چوار ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپا

10:32 - 9 جۆزەردان 2721

خەبات مەفاخری، چالاکی ژینگەیی، خەڵکی سنە، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، چوار ساڵ زیندانیی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپاوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دادگا ئەو چالاکە ژینگەییەی بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کردووە و ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانباری ٩٩، خەبات مەفاخری بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی دادگاییەکەی ئازاد کرا.

ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی" بێبەری کراوە.

خەبات مەفاخری ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خەرمانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و هێزە ئەمنییەتییەکان، لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو چالاکە ژینگەییە ناوبراویان ئازار و ئەشکەنجە دابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی ئەو چالاکە ژینگەییە و دەستیان بە پشکنینی ماڵەکەی کردبوو و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

خەبات مەفاخری ئەندامی کۆمەڵەی سەوزی کوردستانە.