خۆکوژی مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی باکووری ئێران لە ساڵی نوێی خوێندندا

21:28 - 6 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: مامۆستای قوتابخانەی یەکێک لە گوندەکانی شاری \"گمیشان\" سەر بە پارێزگای گوڵستان لە باکووری ئێران، لە سەرەتای دەستپێکی وەرزی نوێی خوێندن کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی خوێندن و کرانەوە قوتابخانەکان لە ئێران، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی گوندی \"سەفا ئیشان\" لە شاری گمیشان بە شێوەی خۆهەڵواستن، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

\"ماڵپەڕی ئێران کرێکار\" لەو بارەوە بڵاوی کردەوە، بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی سەفا ئیشان پاش تەواو بوونی زەنگی قوتابخانە و چوونە دەرەوەی قوتابیان، لە ناو پۆلی خوێندندا، خۆی هەڵواسی و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

توماج فەرمانداری شاری گمیشان، ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی بەڕێوەبەری قوتابخانەی گوندی\"سەفا ئیشان ڕانەگەیەندراوە.

زۆربوونی ڕیژەی خۆکوژی لە ئێران، لەم چەند ساڵەی دواییدا بەتایبەت لە نێو لاوان و ژنان، لە لایەک بەرهەمی هەژاری و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێرانە و لە لایەکی دیکەوە بە هۆی سووکایەتی کردن و گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکان لە سەر خەڵک لە لایەن دەسەڵات و ناوەندە حکوومەتییەکانە.