خۆپیشاندانی پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر

12:46 - 3 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ٢ی جۆزەردان، پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ دووهەمین جار لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN  لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستاندا خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داخوازییەکانیان بوونە.

پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەیانییەیەکدا ویست و داخوازییەکانیان لە ٩ ماددەدا خستووەتە بەر باس و ڕادەستی نووسینگەی نوێنەرایەتیی UNـیان لە هەولێر و یۆنامی کردووە.

نوێنەرایەتیی UN لە هەولێر لەگەڵ نوێنەرانی پەنابەرانی سیاسی کۆبوونەتەوە و لە ئاکامدا بە پەنابەرە سیاسییەکانیان ڕاگەیاندووە کە ڕۆژی یەکشەممەی حەوتووی داهاتوو، وڵامدەری داخوازییەکانیانن.

پەنابەرانی سیاسیی کوردستانی ڕۆژهەڵات جەختیان کردەوە کە لە ئەگەری وڵامنەدانەوە بە داخوازییەکانیان، دیسانەوە لەبەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN لە هەولێر، کۆ دەبنەوە و مان دەگرن.

لەو خۆپیشاندانەدا "ژاکان باران"، شاعیری کوردی خەڵکی شاری "مەلەکشاهی" ویستبووی خۆی بسووتێنێت کە پەنابەران ڕێگرییان لێ کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، پەنابەرانی سیاسیی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی UN  لە هەولێر، پێتەختی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

ئەو خۆپیشاندانە، پاش خۆسووتاندنی "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی"، پەنابەری سیاسیی خەڵکی بۆکان لە بەردەم نووسینگەی نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتتەکان لە هەولێردا بەڕێوە چووە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣ی جۆزەردان، "بێهزاد (محەممەد) مەحموودی"، بەهۆی قووڵیی برینەکانییەوە، لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسیی هەولێر گیانی لەدەست دا.