خوێندکارێکی کورد لە مافی خوێندنی کارناسی باڵا بێبەری کرا

14:32 - 20 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان بە بیانووی ئەستیرەداربوونی کارنامەکەی لە مافی خوێندن لە ئاستی کارناسی باڵا بێبەری کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەرهاد شەفیع زادە خەڵکی شاری مەریوان و خوێندکاری زانکۆی شاری تەورێز بە بیانووی ئەستێرەداربوونی کارنامەکەی لە مافی درێژەدان بە خوێندنی باڵا بێبەری کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لەو خوێندکارە کوردە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند:

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان و حەراسەتی زانکۆی شاری تەورێز، ڕێگریان کردووە لە درێژەپێدانی خوێندنی ئەو خوێندکارە کوردە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، فەرهاد شەفیع زادە پاش سەردانی بۆ \"سازمان سنجش آموزش\" لەلایەن بەرپرسانی ئەو ئیدارەوە پێیان راگەیاندووە، ناوەندەکانی حەراسەتی زانکۆ و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دژایەتی خۆیان لەگەڵ درێژپێدانی خوێندنی ئەو خوێندکارە کوردە دەربڕیوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرهاد شەفیع زادە لە تاقیکاری کارناسی باڵای ئەمساڵ بە دەرەجەی \"٥٧\" لە بەشی فەلسەفەی ڕۆژئاوا لە زانکۆی تەورێز قەبووڵ بووە، بەڵام ئەو دوو ناوەندە لە درێژەپێدانی خوێندن ڕێگریان کردووە.

پێشتریش، فەرهاد شەفیع زادە لە ٢٠ی خەرمانانی ساڵی٩٣ی هەتاوی، لە شاری مەریوان بەتۆمەتی \"تێکدانی نیزام و ڕەخنە لە کەسایەتییە سیاسییەکانی وڵات\" لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو.

فەرهاد شەفیع‏زادە ئەندامی شوورای ناوەندیی کانوونی فەرهەنگی_کۆمەڵایەتیی زاگرۆس و ئەندامی دەستەی نووسەرانی بڵاوکراوەی \"ئاستانە\" بووە کە لەلایەن حەراسەتی زانکۆی تەورێزەوە بە دوو تێرم هەڵپەساردن لە خوێندن وێڕای ڕەچاو نەکردنی ساڵەکانی خوێندن، و هەروەها بێبەش کردنی لە خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی تا کۆتایی خوێندنەکەی مەحکووم کرابوو.

لینکی پەیوەندیدار:
فەرهاد شەفیع زاده لە زیندان ئازاد کرا