خوێندکارێکی کورد بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندان کرا

21:35 - 16 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی خوێندکاریی خەڵکی شاری مەریوان کە بە ١٨ مانگ زیندان حوکم درابوو، بۆ تێپەراندنی ماوەی سزاکەی رەوانەی زیندانی شاری مەریوان کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێبوار کامرانی‌پوور خەڵکی شاری مەریوان، بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندی ئەو شارە کرا.

ئەو خوێندکارە کوردە بە تۆمەتی \"پڕوپاگەندە بە دژی نیزام و بەزاندنی نایاسای سنوور\" لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

رێبوار کامرانی‌پوور، لە ١٩ی سەرماوەزی ساڵی رابردوودا، پاش خۆناساندنی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ ماوەی ٣مانگ لە گرتنگەی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە دەستبەسەر کرابوو.

\"28112.jpg\"
رێبوار کامرانی پوور بۆ تێپەراندنی ماوەی حوکمەکەی رەوانەی زیندانی ناوەندی شاری مەریوان کرا
کامرانی پوور دوای سێ مانگ لە دەستبەسەرکردن بە دانی بارمتە لەزیندان ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو چالاکە خوێندکارە کوردە کە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سنەوە بە ١٨ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە زیندانی شاری مەریوان ناساندووە.

هێزە ئەمنیەتییەکان پاش خۆناساندنی کامرانی‌پوور بە ئیدارەی ئیتلاعات، لە ٢٠ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، چووبوونە ماڵی ناوبراو و دەستیان بە سەر کەلوپەلە شەخسییەکانی وەک کتێب و کامپیۆتێردا گرتبوو.

رێبورا کامرانی پوور بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئەدەبی \"هاوڕێ هەورام\"ی زانکۆی پەیام نووری شاری سنە و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای \"شاری مەریوان \"بووە.