خوێندکارێکی خەڵکی مەریوان لە تاران دەسبەسەر کرا

13:35 - 17 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی هەینی ۱۰ی بانەمەڕ، خوێندکارێکی کورد بە ناوی "ڤیان محەممەدی"، خوێندکاری بواری بەڕێوەبەریی بازرگانی (مودیرییەتی بازرگانی) و خەڵکی مەریوان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان، بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هێزە ئەمنییەتییەکان، پاش پشکنینی ماڵی ڤیان محەممەدی، لەپ‌تاپ، مۆبایل و هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بڕدووە".

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەو خوێندکارە کوردە پاش دەسبەسەرکرانی، سەرەتا بۆ گرتنگەی ئێڤین ڕاگوێزراوە و پاشان بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کراوە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراو بێئاکام ماوەتەوە و لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتی وپاڵدراو دژی ڤیان محەممەدی، زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە ۲۲ی بەفرانباری ۹۹، "فەرامەرز محەممەدی"، هاوژینی ڤیان محەممەدی، لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییتییەکان لە سنە کرابوو.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی فەرامەرز محەممەدی، هێزە ئەمنییەتییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵ ڤیان محەممەدی، هاوژینی ناوبراو کردبوو.  

فەرامەرز محەممەدی، پاش دوو مانگ دەسبەسەری، بە دانانی بارمتە بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.